Erbil 38°C دووشەممە 18 تشرینی دووەم 10:33

ڤایرۆسی کۆرۆنا و نیشانه‌کانی و خۆپاراستن

بۆ یه‌كه‌م جار ڤایرۆسه‌كه‌ له‌باڵنده‌ ده‌ركه‌وت
کوردستان TV
100%

كۆرۆنا بریتیه‌ له‌كۆمه‌لێك له‌ڤایرۆس و ده‌بێته‌ هۆی نه‌خۆشكه‌وتنی مرۆڤ وئاژه‌ڵ و كاتێك تووشی مرۆڤ ده‌بێت كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی ته‌ندروستی لێده‌كه‌وێته‌وه‌.

ناوی كۆرۆنا واتا چه‌پكه‌گوڵ یاخود تاج و ئه‌وه‌ ناوه‌ش له‌و شێوه‌ خڕه‌وه‌ ناونراوه‌ كه‌له‌ژێر ووردبیندا ئه‌و ڤایرۆسه‌ شێوه‌ی خڕه‌ و له‌شێوه‌ی تاجی پادشا ده‌رده‌كه‌وێت.

مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی كۆرۆنا:

بۆ یه‌كه‌م جار ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌باڵنده‌ ده‌ركه‌وت له‌ساڵی 1937 و دواتر له‌ئاژه‌ڵه‌ شیرده‌ره‌كان و پاشان له‌ساڵی 1960 بۆ یه‌كه‌م جار گواسترایه‌وه‌ بۆ مرۆڤ ، له‌ساڵی 2003 له‌شێوه‌ی نه‌خۆشی سارس ده‌ركه‌وت و نزیكه‌ی 800 كه‌س به‌هۆیه‌وه‌ بوونه‌ قوربانی و له‌ساڵی 2012 له‌سعودیه‌ ده‌ركه‌وت و ناونرا كۆرۆنای رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.

جۆره‌كانی ڤایرۆسی كۆرۆنا:

حه‌وت جۆر ڤایرۆسی كۆرۆنا هه‌یه‌ له‌وانه‌ ڤایرۆسی كۆرۆنای په‌یوه‌ندیدار به‌سارس و ڤایرۆسی كۆرۆنای مرۆیی په‌یوه‌ندیدار به‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست 2012 و ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ ناسراو به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنای ووهان.

1- ڤایرۆسی كۆرۆنای مرۆیی E229 (HCoV-229E).

2- ڤایرۆسی كۆرۆنای مرۆیی OC43  (HCoV-OC43).

3- ڤایرۆسی كۆرۆنای په‌یوه‌ندیدار به‌سارس (SARS-CoV).

4- ڤایرۆسی كۆرۆنای مرۆیی NL63 (HCoV-NL63).

5- ڤایرۆسی كۆرۆنای مرۆیی HKU1.

6- ڤایرۆسی كۆرۆنای په‌یوه‌ندیدار به‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست (MERS-CoV) و پێشتر ناسراو بوو به‌ ڤایرۆسی نویی كۆرۆنا (2012 HCoV-EMC).

7- ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (nCoV) و ناسراوه‌ به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنای ووهان.

ڤایرۆسی كۆرۆنا:

هه‌مان زنجیره‌ی ڤایرۆسی ئه‌نفلۆنزای به‌راز و باڵنده‌یه‌ و ڤایرۆسه‌كه‌ خانه‌و ناوكی نیه‌ و ترشی ناوكی هه‌یه‌ و ئه‌م ڤایرۆسه‌ ترشه‌ناوكی RNA هه‌یه‌ و به‌یه‌كگرتنی له‌گه‌ڵ DNA خانه‌خوێ به‌رده‌وام خۆی ده‌گۆڕێت.

ڤایرۆسی كۆرۆنای مرۆیی له‌ساڵی 2003 دۆزرایه‌وه‌ كه‌ده‌بێته‌ هۆی هه‌ناسه‌توندی زۆر و ناونرا ڤایرۆسی كۆرۆنای په‌یوه‌ندیدار به‌سارس و ساڵی 2012 جۆرێكی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌سعودیه‌ دۆزرایه‌وه‌ و سه‌ره‌تا ناونرا ڤایرۆسی كۆرۆنای 2012 و له‌ئێستا ناسراوه‌ به‌كۆرۆنای رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ساڵی 2015 ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌كۆریای باشوور بڵاوبۆوه‌ و له‌ئێستادا له‌ چین و چه‌ند وڵاتێكی دیكه‌ بڵاوبۆته‌وه‌.

نیشانه‌كانی كۆرۆنا:

هه‌مان نیشانه‌كانی ئه‌نفلۆنزای وه‌رزیه‌ و دیارترین نیشانه‌كانی تووشبوون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا بریتیه‌ به‌رزبونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمی و دروستبوونی ئاوی لوت و هه‌وكردنی قوڕگ و كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌ و نیشانه‌كانی هه‌ڵامه‌ت و سه‌رمابوون و كۆكه‌ی وشك و پژمین و ئازاری په‌له‌كان و ماسوله‌كه‌كان و دوای 3 بۆ 7 رۆژ هه‌ناسه‌ توندی و گرفتی كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌ دروست ده‌بێت.

به‌پێی ئاماره‌كان له‌ 36%ی ئه‌وانه‌ی تووشی كۆرۆنا بوون گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ به‌تایبه‌ت به‌ساڵاچووان و ئه‌و كه‌سانه‌ی سیستمی به‌رگریان لاوازه‌ و ئه‌و كه‌سانه‌ی نه‌خۆشی درێژخایه‌نیان هه‌یه‌ وه‌ك نه‌خۆشیه‌كانی كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌ و شه‌كره‌.

خۆپارێزی له‌كۆرۆنا:

ڤایرۆسی كۆرۆنا به‌ئاسانی له‌نێوان مرۆڤه‌كان ده‌گوزارێته‌وه‌ بۆیه‌ ده‌بێت خۆمان بپارێزرین و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌شوێنی زۆر قه‌ره‌باڵغ و ره‌چاوكردنی رێنماییه‌كانی خۆپارێزی و سه‌ردان نه‌كردنی ئه‌و شوێنانه‌ی نه‌خۆشیه‌كی تێدا بڵاوبۆته‌وه‌ زۆر گرنگه‌ بۆ دانانی سنوورێك بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و نه‌خۆشیه‌.

راگرتنی پاكوخاوێنی و ده‌ست شووشتنی به‌رده‌وام و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ كه‌لوپله‌ی كه‌سی تووشبوو و گومانلێكراو.

تائێستا هیچ ڤاكسینێك و چاره‌سه‌رێكی بنه‌ڕه‌تی نه‌خۆشی كۆرۆنا نیه‌ كه‌به‌شێوه‌ی كۆتایی ڕه‌زامه‌ندی لایه‌نه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی وه‌رگرتبێت.

ڕاگه‌یاندنی ته‌ندروستی سلێمانی

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.