مه‌رجه‌عیه‌تی باڵای شێعه له عێراق داوا ده‌كات په‌له بكرێت له هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته له عێراق.
مه‌هدی كه‌ربه‌لایی نوێنه‌ری عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی باڵای شێعه له عێراق له وتاری نوێژی هه‌ینیدا رایگه‌یاند: به‌رده‌وامی ئه‌و ره‌وشه و نه‌مانی سه‌قامگیری سیاسی و ئابووری و ئه‌منی له به‌رژه‌وه‌ندی ئێستا و داهاتووی وڵات‌دا نییه، پێویسته زه‌مینه بۆ ده‌رچوون له‌م ره‌وشه خۆش بكرێت و په‌له بكرێت له پێكهێنانی حكومه‌تێكی نوێ.
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: ده‌بێت حكومه‌ت متمانه بۆ خه‌ڵك بگێڕێته‌وه و توانای هه‌بێت ره‌وشه‌كه هێور بكاته‌وه، شكۆ بۆ ده‌وڵه‌ت بگه‌ڕێته‌وه، هه‌نگاوی پێویست بگرێته به‌ر، بۆ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردنێكی پاك له نزیكترین ده‌رفه‌تدا.
هاوكات نوێنه‌ری عه‌لی سیستانی ره‌تیكرده‌وه رازی بێت به بڵاوه‌پێكردنی خۆپیشاندان و به‌كارهێنانی توندوتیژی له لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه.
هه‌روه‌ها مه‌هدی كه‌ربه‌لایی گوتی چوار مانگ به‌سه‌ر ده‌ستپێكردنی خۆپیشاندانه‌كان تێده‌په‌ڕێت، له‌و ماوه‌یه‌دا خوێنی كه‌سانی بێ تاوان رژا و هه‌زاران هاووڵاتی برینداربوون به‌ڵام هێشتا ئه‌وان له شوێنی خۆیان ماونه‌ته‌وه، هه‌ندێك له پێكدادانه‌كان بووه‌ته هۆی زیادبوونی ژماره‌ی قوربانیان.
نوێنه‌ری سیستانی راشیگه‌یاند: ئیدانه‌ی توندوتیژییه‌كان ده‌كه‌ینه‌وه و به هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵه‌كانی حكومه‌ت بۆ بڵاوه‌پێكردنی خۆپیشانده‌ران و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی زیان به ئاسایش و سه‌قامگیری هاووڵاتیان ده‌گه‌یه‌نن ره‌تیان ده‌كه‌ینه‌وه، هه‌روه‌ها ئیدانه‌ی هێرشكردنه سه‌ر دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ین.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.