Erbil 38°C شەممە 09 ئایار 02:33

ئیتاڵیا لە پاڵپشتییەکانی بۆ کوردستان و پێشمەرگە بەردەوام ده‌بێت

شاندێكى وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار له‌ ئیتالیان
کوردستان TV
100%

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە (٣٠-١-٢٠٢٠) لە وڵاتی ئیتاڵیا مەرینا سێرینی جێگری وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا پێشوازی کردووە لە شاندی باڵای وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە سەرۆكایەتیی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار كە چەند رۆژێكە بە شێوەیەكی فەرمی بۆ بەشداریكردن لە كۆنفرانسێكی تایبەت بە كەرتی شوێنەواری هەرێمی كوردستان لەو وڵاتەن.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە لەمیانەی كۆبوونەوەیەكی هاوبەشدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ساسان عەونی وێڕای سوپاسگوزاری بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لە شاندەكەی وەزارەت كراوە، سوپاسی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی گەیاندووەتە گەل و حكوومەتی ئیتاڵیا بۆ ئەو هەموو هەماهەنگی و هاوكارییانەی پێشكەشی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستانییان كردووە، داواشی كردووە هەماهەنگی و هاوكارییەكانی حكوومەتی ئیتاڵیا بۆ حكوومەت و گەلی كوردستان و پێشمەرگە بەردەوام بن.

تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە تایبەت بووە بە قسەكردن لەسەر كۆنفرانسی شوێنەوار كە لەلایەن زانكۆی ئودینەی ئیتاڵیاوە بەڕێوەچوو، هاوكات وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بانگهێشتی زانكۆكانی ئیتاڵیای كردووە بە مەبەستی بایەخدان بە سێكتەری شوێنەوار، سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن و ئامادەیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی بۆ هەر هەماهەنگی و ئاسانكارییەك بۆ زانكۆكانی ئیتاڵیا كە لە بواری كەرتی شوێنەوار كار دەكەن، نیشان داوە.

لە کۆبوونەوەکەدا ساسان عەونی ڕایگەیاندووە: "پێویستە كۆمپانیاكانی بواری گەشتیاری و شوێنەواری ئیتاڵی هان بدرێن تا سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن، بۆ پتەوكردنی هەماهەنگی و پەیوەندییەكانی هەردوولایەنی هەرێمی كوردستان و ئیتاڵیا، ئاماژەی بە بواری شارەوانیش كرد بۆ ئەوەی هەماهەنگی لەنێوان شارەوانییەكانی هەرێمی كوردستان و ئیتاڵیا باشتر بكرێت".

لە بەرانبەردا جێگری وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا مەرینا سێرینی بە بایەخەوە جەختی لەوە كردووەتەوە کە گەل و حكوومەتی ئیتاڵیا هەمیشە هاوكار و پاڵپشتیی هەرێمی كوردستان دەمێننەوە بە تایبەتی گەلی كوردستان و پێشمەرگە رۆڵێكی بەرچاویان لە شەڕی دژی داعش و تیرۆردا هەبووە، جەختیشیکردووەتەوە کە حكوومەتی ئیتاڵیا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتییەكانی بۆ هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە بۆ بەرگریكردن لە هەرێمی كوردستان.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە فەرمی بانگهێشتی مەرینا سێرینی جێگری وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیای كردووە کە سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و پێشنیاریی ئەنجامدانی كۆنفرانسێكی هاوبەشی لایەنی هەرێمی كوردستان و ئیتاڵیاشی كردووە لە بواری ئابووری و شوێنەوار و گەشتیاری، لە بەرانبەردا جێگری وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ئەو پێشنیارەی بە بایەخەوە وەرگرتووە و ڕایگەیاندووە کە كاری جیدی لەسەر دەكرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.