Erbil 38°C یەکشەممە 22 شوبات 08:08

ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دا

سەرۆکی هەرێمی کوردستان: پشتیوانی لە پرۆسەی چاکسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین
کوردستان TV
#7
100%


سەرۆکی حکوومەت رایگه‌یاند: هیوداراین حکوومەتی داهاتووی عێراقیش، پابەند بێت بەو ڕێککەوتنانەی لە نێوانمان هاتووەتە ئاراوە لەسەر بنەمای دەستوور.

پێشنیوه‌ڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 3/2/2020 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی به‌ڕێزان مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەت، لە باڵه‌خانه‌ی سەرۆکایەتیی هەرێم کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، به‌ڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەستخۆشی لە به‌ڕێز سەرۆکی حکوومەت و کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد و پشتگیریی خۆی بۆ ھەنگاوەکانی حکوومەت دەربڕی سەبارەت بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی گشتی و پڕۆژەکانی حکوومەت و برەودان بە پرۆسەی چاکسازی لە چواچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمدا و داوای کرد کە بێ جیاوازی خزمەتی هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکەن.

به‌ڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان هاوکار و یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی عێراق لەم دۆخە نائاساییەی ئێستا دەربچێت. به‌ڕێزیان گوتی “خوازیارین کێشەکانمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن”.

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لەوەی فاکتەرێکی سەقامگیریی بێت لەناوچەکەدا و پەیوەندییەکی هاوسەنگی لەگەڵ هەموو لایەنەکان هەبێت لە سەر بنەمای ڕێزلەیەکگرتنی هاوبەش.

پاشان به‌ڕێز مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی به‌ڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پشتیوانیکردنی لە کابینەی نۆیەم و ئاماژەی بەوە دا لە پرۆسەی چاکسازی بەردەوام دەبێت کە بەشێکی سەرەکیی کارنامەی کابینەی نۆیەمە و لەپێناو هینانەدی دادپەروەری و بۆ بەرژەوەندیی گشتیی خەڵکی هەرێمی کوردستانە.

دەربارەی دۆخی ئێستای عیراقیش، به‌ڕێز سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی له‌وه‌ کردەوە “ئێمە هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونمانەوە هەوڵمان داوە کێشەکانمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی چارەسەر بکەین و هیوداراین حکوومەتی داهاتووی عێراقیش پابەند بێت بەو ڕێککەوتنانەی لە نێوانماندا هاتووەتە ئاراوە لەسەر بنەمای دەستوور”.

پاشان به‌ڕێزان وەزیرانی تەندروستی و ناوخۆ ڕاپۆرتێکیان دەربارەی ڤایرۆسی (کۆرۆنا 2019) و ڕێکارەکانی خۆپارێزی و پێشگیری لەو ڤایرۆسە لە هەرێمی کوردستان خستە ڕوو، دووپاتیشیان کردەوە کە تا ئێستا هیچ کەیسێکی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.