Erbil 38°C ھەینی 08 ئایار 14:35

وەزارەتی پێشمەرگە بۆ UN: راپۆرته‌که‌تان لاواز و بێ سه‌رو به‌ره‌، نەدەبوو پێشمەرگە لەگەڵ داعش تێکەڵبکرێت

وەزارەتی پێشمەرگە وەڵامی نەتەوە یەکگرتووەکان دەداتەوە
کوردستان TV
100%

وەزارەتی پێشمەرگە هه‌ندێ زانیاری راپۆرتێکی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان رەتدەکاتەوە کە باسی پێشێلکارییەکان بەرامبەر منداڵان لەلایەن هەموو هێزەکان لە عێراق لەنێویاندا هێزەکانی پێشمەرگە دەکات کە 34 منداڵیان کوشتووە.

ئەمیندارێتی گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە راپۆرتێكیدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، رێكخراوی داعش، هێزە ئەمنییەكانی عێراق و هەرێمی کوردستان و هاوپەیمای نێودەوڵەتی وەكو ئەو لایەنانە دیاریكردووە كە لە تەممووزی 2015ـەوە تاوەكو تەممووزی 2019 پێشێلكارییان دژی منداڵان لە عێراق کردووە.

سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە لێدوانێکیدا رایگەیاند، راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لاواز و بێسەروبەرە، نەدەبوو پێشمەرگە لەگەڵ داعش و هەندێک رێکخراوی دیکە تێکەڵبکرێت.

لە بەشێکی راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، هێزەكانی پێشمەرگە منداڵێکیان چەكدار كردووە، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، پێشمەرگە لە سەردەمی شاخ و شۆڕشیشدا کەسێکی بە پێشمەرگە نەدەگرت کە 18 ساڵی تەواو نەکردایە، ئێستاش هیچ کەسێکی خوار 18 ساڵان لەنێو هێزەکانی پێشمەرگەدا نییە.

بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشکرد، راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە گشتی جێگەی ناڕەزایی ئێمەیە، پێویستە بەڵگەکانیان بخەنەڕوو و بۆمانی روونبکەنەوە، چونکە لە کلتووری ئێمەدا ئەو جۆرە کارانە نییە. پێش ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان هەبووبێت و یاسای نێودەوڵەتی هەبێت، ئێمە بنەمای خۆمان هەبووە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دیلەکانی جەنگ و هەمووان دەزانن چۆن بووە.


دارشتنه‌وه‌ى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.