پارێزگاری ھەولێر تیمەکانی هه‌ڵمه‌تى بڕینی زێدەڕۆیی سەر کارەبای نیشتیمانی لەسەر رێگەی هەولێر - پیرمام بەسەرکردەوە.
له راگه‌یه‌ندراوێكی بەرێوەبەرایەتی گشتی كارەبای هەولێر هاتووه، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 2020.2.5 د.فرسەت سۆفی پارێزگاری ھەولێر، بەیاوەری هێمن قادر جێگری پارێزگار و هەریەک لە نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر و قایمقامی قەزای دەشتی هەولێر و ئه‌ندازیار حوسێن حه‌مه‌د قادر بەڕێوەبەری گشتی کارەبای هه‌ولێر، تیمەکانی هه‌ڵمه‌تى بڕینی زێدەڕۆیی سەر کارەبای نیشتیمانی لەسەر رێگەی هەولێر - پیرمام بەسەرکردەوە.
پارێزگاری هەولێر سەبارەت بە هه‌ڵمه‌تى بڕینی زێدەڕۆیی سەر تۆڕی کارەبای نیشتیمانی کە ڕۆژی یەک شەممە 2020.2.2 بەمەبەستی باشتركردنی دۆخی كارەبا و نەهێڵانی سەرپێچی و زێدەڕۆییەکانی سەر تۆڕی کارەبای نیشتیمانی دەستی پێ‌کرد ڕایگەیاند: "هاوڵاتیان هاوکارێکی باشی تیمەکانی ئێمەن، ئەوەش ماییەی خۆشحاڵی ئێمەیە، هەڵمەتەکە بە سەرکەوتویی بەڕێوەدەچێت و تاوەکو ئێستاش ژمارەکان دڵخۆشکەر، لە کۆی 506 شوێن کە پشکنراوە کارەبای 158 شوێن بڕدراوە کە سرپێچی و زێدەڕۆییان کردۆتە سەر تۆڕی کارەبای نیشتیمانی. ئەوەش ڕێژەیەکی زۆرە بەڵام سوپاس بۆ خوا بەبێ کێشە تێپەڕیوە، ئەو هەڵمەتەش لە پێناوی بەرژەوەندی گشتی بەردەوام دەبێت".
دواتر پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: پرۆسەکە زۆر بە سەرکەوتووی بەڕێوە دەچێت و تائێستا هیچ کێشەیەکمان نەبووە، بۆیە دەمەوێت زۆر سوپاسی هاوڵاتیان و تیمەکانیشمان بکەم، ئەمڕۆش هەروەکو ڕۆژانی ڕابردوو لێرە لەسەر ڕێگای هەولێر - پیرمام کە پێ دەگوترێ مەزرەعەکان هەڵمەتەکە بەردەوامی دەبێت، هەروەک چۆن هەڵمەتەکەش لە گەڕەکەکانی وەزیران، ئەمین عامەکان و دۆلاراوە لە هەولێر دەستی پێ‌کرد، لەقەزاکانی تریش لە سۆران، چۆمان، رواندز، خەبات، کۆیە، دەشتی هەولێر و هەموو شوێنێکی سنوری پارێزگای هەولێر دەستی پێکردووە".
پارێزگاری هەولێر لەبارەی ئەو کەسانەشی کە "ئیشی رەش" دەکەن بە کارەباوە و زێدەڕۆیی دەکەنە سەر کارەبا، گوتی: لە ماوەی چەند ڕۆژى ڕابردوودا باندێک له هه‌ولێر ده‌ستگیر كراون، كە کاریان ئەنجامدانی سەرپێچی بووە بۆ دزینی کارەبا و سەرپێچیکردن لەسەر تۆڕه‌کانی، هەندێک لەو کەسانەمان دەستگیرکردووە، هەندێک ناوی دیکەش چاودێرییان لەسەرە و دەستگیریان دەکەین، هه‌مووشیان دەدرێنە دادگا و بە یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، کارەبا سەروەتێکی نیشتمانییە و دزینی کارەباش وەک هەر دزییەکی دیکە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه ئه‌ندازیار حوسێن حه‌مه‌د قادر به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كاره‌بای هه‌ولێر له لێدوانیكیدا بۆ ده‌زگاكانی راگه‌یاند به‌رده‌وامیی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی راگه‌یاند كه رۆژانه به‌پێی ئه‌و پلانه‌ی دامانناوه رۆژانه تیمه‌كانمان بۆ شوینه جیاجیاكان ده‌رده‌چن، هه‌روه‌ها گوتی: خۆشبه‌ختانه‌ش له‌ماوه‌ی دوو سێ رۆژی یه‌كه‌میشدا هه‌ڵمه‌ته‌مه به‌سه‌ركه‌وتوویی به‌ڕێوه‌چووه و هیچ كێشه‌یه‌ك نه‌هاتۆته به‌رده‌م تیمه‌كان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.