بەرەبەیانی ڕۆژی پێنج شەممە کاتژمێر 6:45 ڕێکەوتی 6/2/2020 ھەڤاڵ عەتا شێخ حەسەن ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارێزگای ( سلێمانی - ھەڵەبجەی ) پارتی دیموکراتی کوردستان بەمەرگێکی کوت و پر گیانی لەدەستدا و چووە بەر دلۆڤانی خودا ...
خوالێخۆش بوو ھەڤاڵ عەتا حسن ساڵح :
ناسراوە بە «شێخ عەتا شێخ حەسەن»
ساڵی 1965 لە ئاوایی سۆڵەی ناوچەی قەرەداخ لە بنەماڵەی ناسراو و نیشتمانپەروەری شێخانی سۆڵە لەدایک بووە ..
قۆناغەکانی خوێندنی لە سۆڵە و قەرەداخ و سلێمانی تەواو کردووە ..
ساڵی ١٩٨٥ بڕوانامەی دیبلۆمی لە پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی بەدەستھێناوە ..
ساڵی ١٩٨٧ پەیوەندی بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردووە و لەرێخستنە نھێنییەکانی ناوچەکەدا چالاکانە کاری کردووە ..
ژیانی هاوسەرگیری پێکھێناوە و کوڕێکێ تەمەن یانزە ساڵانەی ھەیە بەناوی «مەزن»
ساڵی 1997 بەخێزانەوە ئاوارەی هەولێر و دەبێت وەک ئەندامی ناوچەی قەرەداغ دەستبەکار دەبێت . ساڵی 2005 دەکرێتە بەرپرسی ڕێکخراوی ڕزگاری لە ناوچەی چواری سلێمانی . لەساڵی 2009 دا دەگوێزرێتەوە بۆ دەستەی ڕێکخراوە جەماوەریەکانی لقی چوار . لەساڵی 2011 دا دەگوێزرێتەوە بۆ دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی سەرکردایەتی « سلێمانی - ھەڵەبجە »ی پارتی دیمکراتی کوردستان . ساڵی 2016 پلەی ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی سلێمانی و بەرپرسی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و گوتەبێژی پارتی لە سلێمانی وەردەگرێت ..
جوانەمەرگ ھەڤاڵ شێخ عەتا کەسێکی ڕۆشبیر و نوسەر و ووتاربێژێکی بەتوانا و خاوەنی کەسایەتیەکی کۆمەڵایەتی کاریگەر بوو ، دەیان گوتار و نووسین و دیداری لە ڕۆژنامە و گۆڤار و ڕادیۆ و تەلەفزێۆنەکاندا پێشکەش کردووە و بەردەوام بەشداریی کۆڕ و کۆبوونەوە و سمیناری سیاسی و وێژەیی و چالاکی جۆراوجۆری ڕۆشبیریی دەکرد . ساڵانی 2017 تا 2018خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری « ڕا » بووە کە گۆڤارێکی فکریی - سیاسی - ڕۆشبیریی دەزگای ڕۆشبیریی و ڕاگەیاندن بوو . لە نێوان ساڵانی 2006 تا 2009
بەرپرسی لقی سلێمانی «کۆمەڵەی هیوا » بووە کە تایبەت بوو بەو هاوسەرانەی کە بێ منداڵ بوون . ھاوکات جێگری سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی فەرمانبەرانی کوردستان بووە .
ھەڤاڵ شێخ عەتا لەناو خزم و دۆست و ھەڤاڵانیدا نموونەی کەسێکی خۆشەویست و خاکەڕا و ڕووخۆش بووە و نمونەی کادرێکی سەرکەوتووی نیشتماپەروەر و دڵسۆز و خەمخۆر و ماندونەناسی ڕێبازی پارتی و بارزانی نەمر بوو .
بەداخەوە بەرەبەیانی ڕۆژی 6 شەشی شوباتی 2020 بەمەرگێکی لەناکاوە دڵە گەورەکەی لەلێدان کەوت و چووە ڕیزی کاروانی نەمرانەوە .. ھەزاران سڵاو لەڕۆحی پاکی و جێی بەھەشتی بەرین بێت ..
دەزگای ڕۆشبیری و ڕاگەیاندن
ئەنجومەنی سەرکردایەتی (سلێمانی - ھەڵەبجە)ی
پارتی دیموکراتی کوردستان
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.