Erbil 38°C پێنجشەممە 07 ئایار 15:32

مەسرور بارزانی: داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەم دوور لە موزایەدە و بەکردەوە پشتگیریی لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی بکەن

کار لە سەر رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی داهاتەکانی هەرێمی کوردستان لەوانەش داهاتی نەوت دەکەین
کوردستان TV
100%


ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/2/12 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەکەدا ،کە سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی و سەرۆکی دەستەی دەستپاکی و سەرۆکی داواکاری گشتی ئامادەیبوون، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەیدا بە گرنگی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ژمارە (2)ی ساڵی 2020 و گوتی ئەنجامدانی چاکسازی خواست و داوای هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و هەموو لایەنەکان بوو. بۆیە داوا لەپارت و لایەنە سیاسییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەم دوور لە موزایەدە و بە کردەوە، پشتگیریی لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی بکەن.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە پرۆسەی چاکسازی بەردەوام دەبێت و هەموو سێکتەرەکان دەگرێتەوە. گوتیشی هەر لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازی دارایی وکارگێڕیدا کار لە سەر رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی داهاتەکانی هەرێمی کوردستان لەوانەش داهاتی نەوت  وگاز دەکەین کە دەمانەوێت شەفاف و روون بێت ، ئەمەش بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان. 
لە کۆبوونەوەکەدا ، ئەنجومەنی وەزیران ، وەزیرەکانی راسپارد کە لە ماوەی پازدە رۆژدا ، پێشنیارەکانی خۆیان بۆ رەشنووسی پەیڕەوی ئاسانکاريی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ئامادە بکەن و ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی بکەن بۆ ئەوەی بەزووترین کات بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. 
هەر لە کۆبوونەکەدا بڕیاردرا لیژنەیەکی باڵا بەسەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئەندامێتی جێگری سەرۆک وەزیران و ژمارەیەک وەزیری پەیوەندیدار پێکبهێنرێت بۆ بەدواداچوونی رێوشوێنەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە هەرێمی کوردستان. 
ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە گرنگیی رۆڵی دامەزراوەکانی چاودێری دارایی و دەستەی دەستپاکی و داواکاری گشتی  كردەوە لە چاودێریکردنی جێبەجێکردنی یاساکە.

1

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.