Erbil 38°C پێنجشەممە 07 ئایار 06:24

پۆلیسى هه‌ولێر: ئەو تۆمەتبارەی بە چەقۆ هاووڵاتییەک و پۆلیسێکی بریندار کرد دەستگیر کرا

داوای لە كەسێكی بەساڵاچووی تەمەن 78 ساڵ كردووە پارەی پێ بدات و به‌سه‌ختى برینداری كردووه‌
کوردستان TV
100%


دوای ئەوەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە كاتی نوێژی بەیانیدا لە مزگەوتێكی شاری هەولێر، تۆمەتبارێك بە چەقۆ كەسێكی بەساڵداچوو و پۆلیسێكی بریندار كرد، پۆلیس بەدواداچوونی وردی كرد و لە ماوەیەكی كەمدا تۆمەتبارەكەی دەستگیر كرد.

عەمید (دلێر نەجاڕ) بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، كاتژمێر (5:30)ی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، لە كاتی نوێژی بەیانیدا لە مزگەوتی (عەبدولكەریم مودەڕیس) لە هەولێر، كەسێك بە ناوی (ع.ل.م) هەڵیكوتاوەتە سەر مزگەوتەكە و داوای لە كەسێكی بەساڵداچوو بە ناوی (جەمیل محەمەد ساڵح) (تەمەن 78 ساڵ) كردووە كە پارەی پێ بدات، دوای ڕەتكردنەوەی داواكەی لە لایەن پیاوە بەساڵداچووەكەوە، تۆمەتبارەكە چەند چەقۆیەكی وەشاندووە و بە سەختی برینداری كردووە.

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر روونیشی كردەوە، لە كاتی هەڵكوتانە سەر پیاوە بەساڵداچووەكە، پۆلیسێكی فریاكەوتن بە ناوی (بەختیار ستار ئیسماعیل) بۆ نوێژ لەوێ دەبێت و بە هانای پیاوەكەوە دەچێت و لە ژێر چنگی ڕزگاری دەكات، بەڵام لە ئەنجامدا چەقۆیەكی بەردەكەوێت و ئەویش بریندار دەبێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ئەم مەبەستە ڕێك خرا و پۆلیس توانی بە ماوەیەكی زۆر كەم تۆمەتبارەكە دەستگیر بكات، دۆسیەكەش خرایە بەردەم  دادوەری لێكۆڵینەوە بۆ ئەوەی ڕێڕەوی یاسایی وەربگرێت و ڕێكاری یاساییش دەرهەق بەو كەسە بگیرێتە بەر كە تاوانەكەی ئەنجام داوە.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.