Erbil 38°C ھەینی 10 کانوونی دووەم 02:27

سارویان و مرواریی خه‌ونه‌کان

هه‌موو شانۆناكه‌مه‌ جه‌ختكردنه‌ له‌سه‌ر وێناكردنی ئاینده‌، وێناكردنی ئامانجه‌كانمان
کوردستان TV
100%

كلای له‌ شانۆنامه‌ی (مه‌حار و مرواری)ی نووسه‌ری ئه‌مه‌ریكایی (ولیام سارویان)، منداڵێكه‌ له‌ سه‌رتاشخانه‌ی (هاری ڤان دوزن) وه‌ك شاگردێك یارمه‌تیی ده‌دات، به‌ڵام پێناچێت، شاگردێكی لێهاتوو بێت، خۆشی درك به‌وه‌ ده‌كات، ده‌شزانێت ته‌نانه‌ت له‌ ئاینده‌شدا نابێت به‌ سه‌رتاشێكی كارامه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، ڕۆژانه‌ دێت بۆ سه‌رتاشخانه‌كه‌ و یارمه‌تیی هاری ڤان دۆزن ده‌دا، به‌رده‌وام كاری به‌ر‌ده‌ستی بۆ مه‌یسه‌ر ده‌كات. كلای ڕاسته‌ ده‌ستڕه‌نگین نییه‌، به‌ڵام ژیرییه‌كه‌ی وای لێ كردووه‌ به‌دوای مانای ژیاندا بگه‌ڕێت، باوه‌ڕی به‌وه‌ش هه‌یه‌، كه‌ هاریی وه‌ستای، نه‌ك ته‌نیا سه‌رتاشه‌، بگره‌ نیمچه‌ فه‌یله‌سووفێكه‌، كابرایه‌كه‌ دنیادیده‌یه‌ و خاوه‌ن ئه‌زموونه‌. بۆیه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای شانۆنامه‌كه‌وه‌، كلای پێشبینی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ هاری مانایه‌ك به‌ ژیانی ده‌به‌خشێت.

له‌ دیمه‌نی ده‌ستپێكی شانۆنامه‌كه‌دا به‌ ئێكس ده‌ڵێت:

+ هه‌رگیز نابم به‌ سه‌رتاش.

- له‌وانه‌یه‌... به‌ڵام گوێ بگره‌، ڕه‌نگه‌ له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ببی به‌ پیاوێكی هه‌ڵكه‌وتوو، كه‌ له‌ناو پاشماوه‌كانی ئه‌م جیهانه‌دا به‌خته‌وه‌ری بۆ دڵی به‌شی ماندوو و كه‌نه‌فت بهێنێت.

+ كێ؟ من؟

- بۆ نا؟

+ به‌خته‌وه‌ری بۆ دڵی به‌شه‌ری كه‌نه‌فت و ماندوو بێنم. چۆن شتی وا به‌ من ده‌كرێت؟

- سیمفۆنیایه‌ك دابنێ، تابلۆیه‌ك بكێشه‌، كتێبێك بنووسه‌، فه‌لسه‌فه‌یه‌ك بهێنه‌ كایه‌وه‌!

+ ناتوانم ببم به‌ كه‌سێك له‌و جۆره‌ كه‌سانه‌. باشه‌ ئه‌ی خۆت توانیوته‌ یه‌كێك له‌وانه‌ ئه‌نجام بده‌یت؟

- به‌ڵێ.

+ چیت كردووه‌؟

- فه‌لسه‌فه‌یه‌كم هێناوه‌ته‌ دی.

+ فه‌لسه‌فه‌ی چی؟

- فه‌لسه‌فه‌ی داهێنانی شێوازێكی نوێ له‌ جیهاندا.

+ چ شێوازێكی نوێت بۆ ژیان داهێناوه‌؟

- شێوازی وه‌رگرتنی شته‌كان به‌ئاسانی.

+ ئاها... وا پێده‌چێت ئه‌وه‌ شێوازێكی باش بێت.

ئه‌م هزره‌، ئه‌م شێوازی بیركردنه‌وه‌یه‌، ده‌بێته‌ كلیلی ئه‌ندێشه‌ی چاك بۆ كلای، سه‌رله‌به‌ری شانۆنامه‌كه‌ كۆڵنه‌دان و تێكۆشانی به‌رده‌وامی كلای به‌رجه‌سته‌ ده‌كات، ولیام سارویان ئامانج و نه‌خشه‌ڕێگه‌ی ژیان و خه‌ون و ئه‌ندێشه‌ی منداڵێك ده‌كات به‌ كه‌ره‌سته‌ بۆ گه‌ڕان به‌دوای به‌خته‌وه‌ری و به‌دیهێنانی ژیانێكی گه‌ش و شادیبه‌خش. هه‌موو شانۆناكه‌مه‌ جه‌ختكردنه‌ له‌سه‌ر وێناكردنی ئاینده‌، وێناكردنی ئامانجه‌كانمان.

ئا/ د.فازڵ جاف

كوردستان تیڤی/ كامران

شانۆ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.