Erbil 38°C شەممە 21 شوبات 14:57

وەزیری ناوخۆ: حکومەتی هەرێم له‌ ئامادەباشیدایە بۆ رێگریکردن و رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا

لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆبووه‌وه‌
کوردستان TV
#7
100%

ئه‌مڕۆ له‌ شاری هه‌ولێر له‌ سه‌ر راسپارده‌ی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی باڵای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا به‌ڕێوه‌چوو .

وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەدوای كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا رایگەیاند: حكومەتی هەرێمی كوردستان لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ رێگریكردن و رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتی رێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیری ناوخۆ و ئاماده‌بوونی وه‌زیران و به‌رپرسانی په‌یوه‌ندار و هه‌رچوار پارێزگاره‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام درا و تیایدا هه‌موو ئه‌و رێوشوێن و رێنمایی و هه‌ڵمه‌ته‌كانی هوشیاركردنه‌وه‌ تاوتوێ كران كه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ و رێگری له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا گیراونه‌ته‌ به‌ر و پێویسته‌ جێبه‌جێ بكرێن .

له‌ دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ رێگریکردن و رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هیچ شتێک لە هاووڵاتیان ناشارینەوە و هەر شتێکیش ئەگەر لە دەزگا فەرمییەکانی حکومەتەوە نەبێت، دوورە لە راستی.

هه‌روه‌ها گوتی: حکومەت بە هەموو دامەزراوەکانیەوە شەو و رۆژ لە خزمەتی هاووڵاتیاندا دەبێت و  بۆ رێگریکردن لە گەیشتنی ئەو ڤایرۆسە بە هەرێمی کوردستان، ئەوەی لەتوانای ئێمەدابێت جێبەجێی دەکەین، ئەوەی دیکەش داوای هاوکاریمان کردووە هەم لە حکومەتی فیدراڵ هەمیش لە ئۆرگانەکانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بە تایبەتی رێکخراوی ته‌ندروستی جیهانی.

لەبارەی گەڕانەوەی گەشتیارانی کوردستان لە ئێران، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان گوتی: خەڵکێکی زۆر لە هەرێمی کوردستان بۆ زۆر مەبەست سەردانی ئێرانیان کردووە، ئەوانە هاووڵاتی ئێمەن، سنوورەکان کراوەن بە رووی هاووڵاتیاندا و ئەو سنوورانەش كه‌ بڕیاری لێدرا هاووڵاتیان بگەڕێنەوە کوردستان تەنها سێ سنوورن، ئەوانیش حاجی ئۆمەران، باشماخ و پەروێزخانن و هاووڵاتییان تەنها لەو سێ رێگەیەوە دەتوانن بگەڕێنەوە.

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان داوای لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کرد کە هاوکار بن لەگەڵ خاڵە سنوورییەکان، بەرپرسەکان، دامەزراوەکانی حکومەت، چونکە هەر رێوشوێنێک کە ئێمە پێشتریش گرتوومانەتەبەر و ئێستاش بڕیارمان لێداوە، هەمووی دەچێتە خانەی خزمەتکردن و پاراستنی هەرێمی کوردستان و تەندروستی هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان.

وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەشدا، رێگری لە گرانکردن و بردنە دەرەوەی کەلوپەلی پزیشکیی دەکەین.

هه‌ر له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا وەزیری تەندروستی گوتی: هیچ کەسێک بە گومانی کۆرۆنا نەخراوەتە نەخۆشخانە و چۆڵکردنی بەشێک لە نەخۆشخانە تەنیا ئامادەکارییە بۆ دۆخێکی نەخوازراو، چونکە ئێران چەندین دەروازەی لەگەڵ ئێمە هەیە.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.