لە ئاکامی زنجیرەیەک پەلامار و تەقینەوە لە شاری بەغدا و پارێزگای دیالە، ١٠ کەس کوژراون و برینداربوون کە ژمارەیەکیان کارمەندی ئەمنیین.
لەوبارەوە فەرماندەیی پۆلیسی بەغدا راگەیەندراوێکی بڵاویکردووەتەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە کە بەهۆی پەلامارێکەوە لە ناوچەی بەتول باشووری بەغدا، یەک پۆلیسی هاتوچۆ کوژراوە، هەروەها لە پەلامارێكی دیکەدا لە ناوچەی نەسر رۆژهەڵاتی بەغدا، یەک مەدەنی کوژراوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە لە پەلامارێکی دیکەدا کە لەلایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوەوە لە ناوچەی سەدر رۆژهەڵاتی بەغدا ئەنجامدراوە، فەرمانبەرێکی سەربە وەزارەتی پەروەردە کوژراوە.
لە راگەیەندراوکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە لەئاکامی تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراو لە ناوچەی لەتیفییە باشووری بەغدا و پەلامارێکی چەکداری لە ناوچەی کەڕادە ناوەڕاستی بەغدا، سێ مەدەنی برینداربوون.
هاوکات سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاشکرایکرد کە ژمارەیەک چەکداری نەناسراو پەلامارێکیان لە پارێزگای دیالە ئەنجامداوە کە بەهۆیەوە یەک مەدەنی کوژراوە.
سەرچاوەکە باسی لەوەشکرد کە ژمارەیەک چەکداری داعش هێرشیانکردووەتە سەر خاڵێکی ئەمنی لە باکووری رۆژهەڵاتی دیالە و لەئاکامدا، سێ پۆلیس برینداربوون.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە پێشتر وەزارەتی بەرگریی عێراق کوژرانی دوو چەکداری داعشی لە سنووری پارێزگای دیالە راگەیاندبوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.