Erbil 38°C سێشەممە 05 ئایار 16:38

بڕیارەکانی کۆبوونەوەی پارێزگای هەولێر تایبەت بە خۆپارێزی لە نەخۆشی کۆرۆنا

جەخت له‌سه‌ر پابەندبوون بەبڕیارەکانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران كرایه‌وه
کوردستان TV
100%

بە ئامادەبوونی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، لەدیوانی پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ هەر (10) قائیمقامی قەزاکانی سنووری پارێزگای هەولێر و زۆربەی بەڕیوبەرایەتییە گشتییەکان و فەرمانگە پەیوەندییدارەکان و پۆلیس و ئاسایش  سازکرا، لەکۆبوونەوەکەدا ئەم خاڵانەی لای خوارە بڕیاریان لەسەر درا.

1- جەخت کردن و پابەندبوون بەسەرجەم بڕیارەکانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە رۆژی 2020.2.25 تایبەت بە رێوشوێنەکانی خۆپارێزی لە نەخۆشی کۆرۆنا، هەروەها جێبەجێکردنی سەرجەم بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی تەندروستی لە کۆبوونەوەی رۆژی 2020/2/22 کە بڕیاریان لەسەر درابوو، هەرکەس و لایەنێک سەرپێچی بکات رووبەڕووی لێپرسینەوە دەبێت.

2- سەرجەم قائیمقامیەتەکانی سنووری پارێزگای هەولێر راسپێردران کە دەبێ بەهەموو توانایانەوە چاودێری بازاڕ و کاڵاکان و کەل و پەلی پزیشکی و سوتەمەنی بکەن، هەرکەسێک بیەوێت بازاڕ ئیستغلال بکات دەبێ رێکاری یاسایی توند بەرامبەری بگیرێتەبەر.

3- هەتا کاتێکی نادیار سەرجەم ئەو گروپە گەشتیاریانە رادەگیرێت کە بە ئامانجی گەشتیاری لە پارێزگاکانی عێراق دێنە هەرێمی کوردستان.

4- یادکردنەوەی بۆنەکانی ئادار و ئازادی و نەورۆز بەشێوەی مەراسیم و ئاهەنگ و ڤیستیڤاڵ رادەگیرێت، هەروەها ئەو شوێنانەی ئاهەنگی شەوانە سازدەکەن رادەگیرێت.

5- لە رۆژی 2020.2.28 بەدواوە تا کاتێکی نادیار لەسەرجەم کافتریا و شوێنە بازرگانییەکان نێرگەلە قەدەغە دەکرێت، هەروەها بۆسەلامەتی هاووڵاتیان شوێنەکانی مەساج و سینەماکان نابێ کاربکەن، هەروەها دەبێ سەنتەرەکانی وەرزش و لەش جوانی و گه‌رماو و مەلەوانگەکان پەیڕەوی تەواوی ئەو رێنماییانە بکەن کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر پێیان دەگەن، بە پێچەوانەوە دادەخرێن. هەروەها دەبێ هاووڵاتیان لەم ماوەیە خۆیان بپارێزن لەسەردانیکردنی بازاڕی ئاژەڵ و پەلەوەران.

6- سەبارەت بە مەراسیم و پرسە و بۆنە ئاینیەکان داواده‌كه‌ین له‌ وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی و یەکێتی زانایانی ئاینی رێکاری گونجاو بگرنەبەر بۆ پارێزگاریکردن لە تەندروستی هاووڵاتیان.

7- سەبارەت بە کەمپەکانی پەنابەران و ئاوارەکان کۆبوونەوە رێوشوێنی پێویستی داناوە و دەبێت دەست بەجێبەجێکردنی بکرێت.

8- سەرجەم فەرمانگەکان رادەسپێرین کە قەڵەباڵغی لەدام و دەزگاکان کەمبکرێتەوە و داواش لە هاووڵاتیانی دەکەین بۆ ئەم مەبەستە هاوکاربن و روونەکەنە شوێنە قەڵەباڵغەکان و تا بکرێت ئەم ماوەیە خۆیان لەسەردان و سەفەر بۆ شارەکان ببپارێزن، هەروەها سەردانی نەخۆش جگە لە یاوەر لەگەڵ نەخۆش بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

9- بۆسەرجەم بازگەکانی سنووری هەولێر لەگەڵ موسڵ و کەرکوک تیمی تەندروستی و پێداویستی پشکنین دابین دەکرێت و دەبێ رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر.

10- لەسەر ئاستی پارێزگا و هەروەها لەسەر ئاستی هەر (10) قەزایی سنوری پارێزگای هەولێر ژووری عەمەلیات پێک دەهێنرێت و دەبێ رۆژانە کۆبوونەوە بکرێت و هەموو  رێکارێک بگیرێتەبەر لە پێناو خۆ پارێزی لەم نەخۆشییە و پاراستن و سەلامەتی هاووڵاتیانی شارەکەمان. دەبێ لەم ماوەیەدا بەجدی تر و چڕو پڕتر چاودێری پاک و خاوێنی رێستورانت و چێشتخانە و هوتێل و موتێل و شوێنە گشتییەکان بکرێت.

هاووڵاتیانی شارەکەمان دڵنیا دەکەینەوە شەو رۆژ دەخەینە سەر یەکتر بۆ پارێزگاری لە تەندروستی گشتی. 

راگەیاندنی پارێزگای هەولێر

2020.2.26

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.