ئەمڕۆ شەممە 2020.2.29 د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، لەدیوانی پارێزگا بەئامادەبوونی د.عەلی ڕەشید سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر و هەریەك لە هێمن قادر و تاهیر عەبدوڵا جێگرانی پارێزگار، كۆبوونەوەیەكی فراوان لەگەڵ قایمقامی قەزای ناوەند و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی و سەرۆكی دەستەی گەشت و گوزار و سەرۆكی شارەوانی هەولێر و بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكان و پۆلیس و زێرەڤانی و سەرجەم بەڕێوەبەرانی شارەوانییەكان و فەرمانگەكانی تری هەولێر سازكرد.
لەكۆبوونەوەكەدا جەخت لەسەر پابەندبوون و جێێ بەجێكردنی سەرجەم بڕیارەكانی كۆبوونەوەی پێشوتری ڕۆژی 2020.2.26 پارێزگای هەولێر كرایەوە كە تایبەت بوون بە ڕێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە نەخۆشی كۆرۆنا، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاردرا لێژنەیەك بۆ بەدواداچوون و جێبەجێكردنی ڕێنمایی و بڕیارەكان بە سەرۆكایەتی قایمقامی هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر و ئەندامیەتی نوێنەرانی شارەوانییەكان و گەشت و گوزار و ژینگەی پارێزی و تەندروستی و پۆلیس پێكبهێندرێت لەناوەندی هەولێر و لە هەر (9) قەزاكانی تری سەر بەسنووری پارێزگای هەولێریش بۆ هەمان مەبەست لێژنەی تایبەت پێكبهێندرێت.
پاشان كۆبوونەوە ئەم بڕیارانەی لای خوارەوەی پەسندكرد:
1- جەختردنەوە لە نوسراومان ژمارە 274 لە ڕێكەوتی 2020.2.27 پێویستە هەر (10) خاڵی هاتوو لەم نووسراوە جێ بەجێ بكرێت.
2- سەبارەت بەو كافتریا و شوێنانەی نێرگەلەی تێدا دەكێشرێت، دەبێت دەست بە ئیجرائات بكرێت و نێرگەلەكان دەست بەسەر دابگرین و تەلەف بكرێن، ئەگەر هەر شوێنێكیش دووبارە سەرپێچی كرد ئەوە شوێنەكە بۆ ماوەی هەفتەیەك دابخرێت.
3- سەبارەت بە جگەرەكێشان لەشوێنە داخراوەكان، جگەرەی ئەلكترۆنی، یاسای ژمارە 31ی ساڵی 2007ی پەرلەمانی كوردستان جێ بەجێ دەكرێت و قەدەغەیە.
4- شوێنی هۆڵی وەرزش كردن و مەلەوانگە و مساج و گەرماوی گشتی و سینەما، تاوەكو 2020.3.10 بە شێوەیەكی كاتی دادەخرێن، ئەگەر پێویستی كرد بڕیارەكە درێژ دەكرێتەوە.
5- دەبێت سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان قایمقام و بەڕێوەبەری ناحییەكان لێژنەیەك پێك بهێنن بەسەرۆكایەتی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان و ئەندامیەتی هەریەك لە (تەندروستی سنوورەكانیان و شارەوانییەكان و پۆلیس و لێژنەی چاودێری بازاڕ و ڤێترنەری، وە ئەگەر هەبێت هۆبەی گشت و گوزار، قایمقام لەسەر ئاستی قەزا سەرپەرشتی دەكات، سەرەڕایی سنووری قایمقامیەتەكەی) لەكاتی پابەندنەبوونی هەر شوێنێكی ئاماژە پێكراو دەست بەجێ ئیجرائاتی پێویست وەربگیرێت.
6- لێژنەی باڵای پارێزگای هەولێر ڕاسپێردران لە هەولێر و تەواوی قەزا و ناحییەكان ئەو شوێنانەی كە هاوڵاتیانی تێدا (قەرەنتین) كراوە و لەژێرچاودێری تەندروستیدان، سەردان بكەن و هەر شوێنێك گونجاو نەبوو بۆیان، یان كەم و كوڕی هەبوو، دەست بەجێ جێگاكانیان بگۆڕن و لە شوێنێكی شایستەتر و گونجاوتر دابنرێن.
7- لەسەرجەم بازگەكانی سنووری هەولێر لەگەڵ موسڵ و كەركوك و مەخمور، تیمی تەندروستی و پێداویستی پشكنین دابینكراوە، دەبێت ئەم تیمانە بەردەوام بن لەو بازگانە و ڕێوشوێنی پێویست بگرنە بەر.
8- لەلایەن شارەوانییەكان و دەستەی گەشت و گوزار و تیمەكانی چاودێری تەندروستی لە پێناو خۆپارێزی لەم نەخۆشییە و پاراستنی سەلامەتی هاوڵاتیان، بەوردیی و بە چڕی چاودێری پاك و خاوێنی بازاڕ و ڕێستورانت و چێشتخانە و هوتێل و موتێل و شوێنە گشتیەكان دەكرێت، هەر كەسێك بیەوێت بازاڕ قورغ بكات و نرخی كاڵا و كەل و پەل و پێداویستییەكانی هاوڵاتیان گران بكات ڕێكاری یاسایی توندی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
9- بەهەموو شێوەیەك سەردانیكردنی نەخۆش لە نەخۆشخانە حكومییەكان و ئەهلیەكان قەدەغەیە و ڕێگە نادرێت هیچ كەس سەردانی نەخۆش لە نەخۆشخانەكان بكات، هەروەها نەخۆش نابێت لەیەك یاوەر زیاتری لەگەڵ بێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.