حکومەتی یۆنان ئاشکرایکرد، لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا ڕێگریکردووە لە دەربازبوون چوار هەزار کۆچبەری نائاسایی لە سنورە وشکانی و ئاوییەکانییەوە.
دوێنێ شەممە، 29ی شوباتی 2020، حکومەتى یۆنان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بەست بۆ تاوتوێکردنی پرسی کۆچبەران و ئاڵۆزبوونی سنورەکانی تورکیا و وڵاتانی ئەوروپا دوای ئەوەى ئەنقەرە دەرگای سنورەکانی بۆ کۆچبەران کردەوە.
پێکدادان و شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان هێزە سنورییەکانی یۆنان و کۆچبەران لەسەر سنور بەردەوامە، پۆلیس گازی فرمێسکڕێژ بەکاردەهێنێت، بەپێی هەواڵی ئاژانسی ڕۆیتەرز، بەشێک لە کۆچبەران توشی تەنگەنەفەسی بوون.
لە بەرانبەردا کۆچبەران بە بەرد هەوڵ دەدەن هێرشی بکەنە سەر پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان تاوەکو ڕێگە بکەنەوە و دەرباز ببن.
تەلەفزیۆنی فەرمی یۆنان دیمەنی هێرشی کۆچبەرانی بڵاوکردەوە، بەڵام ڕێگە بە میدیاکانی تر نادرێت ڕوماڵی پێکدادانەکان بکە.
لای خۆشیهوه ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند: نزیکەى 18 هەزار کۆچبەری نائاسایی لەئێستادا لە سنورەکانی تورکیا و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپادا هەن.
ئەردۆغان لە وتارێکیدا گوتی، ئێمە وتمان کە دەرگا لە کۆچبەران دەکەینەوە، بڕوایان نەکرد، دەرگامان کردەوە و نزیکەى 18 هەزار کۆچبەریش لەسەر سنورەکانن، لەوانەیە ژمارەشیان بگاتە 25 هەزار.
ئاماژەى بەوەشکرد، ئێمە سێ ملیۆن و 700 هەزار سورییمان لەخۆگرتووە، ئیتر توانای وەرگرتنی شەپۆلێکی تر کۆچبەران ناگرین، ئێمە چیتر بڕوا بە بەڵێنی ئەوروپییەکان ناکەین بۆ هاوکاریکردنی کۆچبەران.
بەشێکی زۆری کۆچبەران خەڵکی سوریان، ئەوانی تر خەڵکی ئەفغانستان و عێراق و پاکستان و چەند شوێنێکی ترن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.