پارێزگاری سلێمانی رایگهیاند: بەردەوام دەبن لە گرتنەبەری رێکارەکانی خۆپارێزی و چارەسەری بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
پارێزگاری سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ ئەو چوار حاڵەتەی کە لە سلێمانی تۆمارکراون و توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، دۆخی تەندروستییان جێگیرە.
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، ئەو چوار کەسەی کە تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنان، سیانیان ئەندامی یەک خێزانن و دوو هاوژین و منداڵێکن و لە ئێران گەڕاونەتەوە و لەوێ توشبوون.
پارێزگاری سلێمانی گوتیشی: راستەوخۆ دوای هاتنەوەیان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنووری باشماخەوە چوونەتە کەرەنتینە و تێکەڵی هیچ شوێنێک نەبوون.
ئاماژەی بەوە کرد، سێ لەو چوار کەسەی تووشی ڤایرۆسەکە بوون لە یەک خانەوادەن و تەمەنی ژنەکە 23 ساڵ، پیاوەکە 31 ساڵ و منداڵەکەیان هەشت ساڵە؛ ئەوی دیکەشیان کچێکە و تەمەنی 22 ساڵە.
ههر له كۆنگهره رۆژنامهوانیهكهدا دکتۆر سەباح نەسرەدین، بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی، رایگەیاند، تووشبووەکان تەمەنیان گەنجە و دەتوانن بەسەر ڤایرۆسەکەدا زاڵ ببن. گوتیشی بەهۆی ئەوەی بەزووترین کات ئەو کەسانەمان ئاشکراکردوون، بۆیە دەتوانین بڵێین هێشتا سلێمانی لە ڤایرۆسەکە پاکە و پێویست بە ترس و دڵەڕاوکێ ناکات.
بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی داوای لە خەڵکی سلێمانی کرد کە دوو دڵ نەبن و پشتیوانی لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەن، هەروەها پابەندی رێنماییەکان بن، هەروەک دڵنیایی دا کە بە خۆپارێزی و ورەی بەرزەوە دەتوانن سەرکەوتن بەسەر ڤایرۆسەکەدا بەدەستبهێنن و بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەکاریی و کاری زۆر باش کراوە.
لای خۆشیهوه لیوا حهسهن نوری، بهڕێوهبهری گشتی ئاسایشی سلێمانی رایگهیاند: ههوڵهكانمان چڕكردوهتهوه بۆ ئهوهی بههیچ شێوهیهك رێگهنهدهین هاووڵاتیانمان لهئێران و بهرێگهی نایاسایی بگهڕێنهوه ههرێمی كوردستان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.