Erbil 38°C دووشەممە 23 شوبات 05:31

عادل عەبدولمەهدی ده‌ست له‌ پۆستى سه‌رۆک وه‌زیران هه‌لده‌گرێت و چه‌ند پێشنیارێکیش  ده‌خاته‌روو

عادل عەبدولمەهدی داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە ده‌كات
کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ دووشەممە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی دەست لەكاركێشاوەی عێراق لە پەیامێكدا بۆ سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك كۆماری عێراق، داوای كردووە رۆژی 4ی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت.

عەبدولمەهدی لە پەیامەكەیدا خەمباری خۆی دەربڕیوە لە بەرانبەر شكستی محەمەد تۆفیق عەللاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو، كە نەیتوانی كابینەی حكوومەت لە وادەی خۆیدا پێكبێنێت، لەمبارەیەوە داوای كردووە لەبری هەوڵی پێكهێنانی حكوومەتێكی نوێ، دەست بە ئامادەكاری بكرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە.

هەروەها دووپاتی كردووەتەوە كە وەكو سەرۆك وەزیرانی دەست لەكاركێشاوە، تا كاتی هەڵبژاردنی پێشوەختە، بەشداری هیچ بۆنەیەكی فەرمی ناكات، هیچ نووسراوێك ئیمزا ناكات، وەڵامی هیچ داوەتێكی فەرمی بۆ سەردانیكردنی وڵاتان ناداتەوە و دیدار و گفتوگۆ و كۆبوونەوەی فەرمیی ناوخۆیی و دەرەكییش ئەنجام نادات.

سەرۆك وەزیرانی دەست لەكاركێشاوە، لە پەیامەكەیدا داوای لە پەرلەمانی عێراق كردووە كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ئەنجام بدات بۆ یەكلاییكردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، ئینجا رۆژی 4ی مانگی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ وەكو رۆژی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری بكەن، هەروەها 60 ڕۆژ بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكەش، پەرلەمانی عێراق هەڵبوەشێننەوە.

عەبدولمەهدی داواشی كردووە سندوقێكی تر لە تەنیشت سندوقی هەڵبژاردنی پەرلەمان دابندرێت، تیایدا راپرسی بۆ ئەنجامدانی هەمواركردنی دەستووری هەمیشەیی عێراق بكرێت.

لە كۆتاییشدا داوای كردووە پەرلەمان بڕیار بدات كە یەكێك لە جێگرانی سەرۆك وەزیرانی عێراق یان یەكێك لە وەزیرەكان راسپێرێت بۆ بەڕێوەبردنی كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و كاربەڕێكردنی رۆژانەی وڵات.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.