فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی پارێزگای زیقار باشووری عێراق، تۆماركردنی پێنج حاڵه‌تی گوماناوی تووشبوون به ڤایرۆسی كۆرۆنای راگه‌یاند.
له‌وباره‌وه عه‌بدولحسێن جابری، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی زیقار، له راگه‌یه‌ندراویكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، پێنج كه‌س كه به‌م دواییانه چواریان له ئێران گه‌ڕاونه‌ته‌وه و ئه‌وه‌ی دیكه‌یان له نه‌جه‌ف-ه‌وه سه‌ردانی پارێزگای زیقار-ی كردووه، گومانیان لێ ده‌كرێت تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووبن.
عه‌بدولحسێن جابری ئاشكراشیكردووه، تێمێكی ته‌ندروستی سه‌ربه فه‌رمانگه‌كه‌ی ته‌ندروستی زیقار سامپڵیان له‌و پێنج كه‌سه وه‌رگرتووه و به‌یانی ئه‌مڕۆ ناردوویانه بۆ تاقیگه‌ی ته‌ندروستی گشتی به‌غدا و له‌ئێستا چاوه‌ڕانی ئه‌نجامی پشكنینه‌كه ده‌كه‌ن.
ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه، ژماره‌ی حاڵه‌ته‌كانی تووشبوون به ڤایرۆسی كۆرۆنا كه تا ئێستا له عێراق تۆماركراون گه‌یشتووه‌ته ٢٧ حاڵه‌ت.
حكوومه‌تی عێراق چه‌ند رێوشوێنێكی بۆ پێش‌گرتن له بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا (كۆڤید -١٩) گرتووه‌ته‌ربه‌ر، هه‌روه‌ها ده‌وامی له ناوه‌نده‌كانی خوێندن كردووه‌ته پشوو و گه‌شتكردنی هاووڵاتییان بۆ وڵاتانی چین، ئێران، ژاپۆن، كۆریای باشوور، تایله‌ند، سه‌نگاپوور، ئیتاڵیا، كوێت و به‌حرێن قه‌ده‌غه‌كردووه.
بۆ یه‌كه‌م جار ڤایرۆسی كۆرۆنا له ١٢ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠١٩ له شاری وهان رۆژهه‌ڵاتی چین سه‌ریهه‌ڵدا و له‌ئێستادا له ٧٠ وڵاتی جیهاندا بڵاوبووته‌وه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.