Erbil 38°C یەکشەممە 08 ئازار 12:52

حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پشووی فەرمی لەسەرجەم دامودەزگەکان راگەیاند

بۆ رێگریكردن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنایه‌
کوردستان TV
100%


حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ رێگریكردن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڕیاریدا ده‌وامی فه‌رمانبه‌ران له‌ سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌ت رابگیرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە ٩\٣\٢٠٢٠، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە هەولێر بە ڕاسپاردەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرپەرشتی کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای لە ھەرێمی كوردستان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا دوای گفتوگۆ کردن لەبارەی دوا رێکارەکان و هەنگاوەکانی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان و خستنە رووی پێشنیارەکان، بۆ رووبەروو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بڕیاریدا:

١. لە سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە و دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان (جگە لە ھێزەکانی پێشمەرگە وئاسایش وئاسایشی ناوخۆ و دامەزراوەکانی تەندروستی) لە ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ١٢-٣-٢٠٢٠ تاوەکو ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ٢٦-٣-٢٠٢٠ دەبێتە پشووی فەرمی، و (ڕۆژانی ٢٧و٢٨-٣-٢٠٢٠ پشووی کۆتایی ھەفتانەیە)، و ڕۆژی یەکشەممە ٢٩-٣-٢٠٢٠ دەوامی فەرمی دەستپێدەکاتەوە.

٢. لە ناوەندەکانی خوێندنی سەر بە وەزارەتی پەروەردە (حکومی وئەھلی) ڕۆژی شەممە ٢٨-٣-٢٠٢٠ پرۆسەی خوێندن دەستپێدەکاتەوە، وپرۆسەی خوێندنی زانکۆ وپەیمانگاکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا وتوێژینەوەی زانستی لە ڕۆژی ١_٤-٢٠٢٠ دەست پێ دەکاتەوە.

۳. وەزارەتی تەندروستی بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستیە فریاگوزارییەکان بە ھاوڵاتیان لە ڕێگای پیادەکردنی ئێشکگریی.

٤. وەزارەتە خزمەتگوزارییە گشتیەکان بەردەوام دەبن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی گشتی لە ڕیگای ئێشکگریی و بۆ ئەو مەبەستەش ڕێنمایی پێویست دەردەکەن.

٥- دوا وادە بۆ گەڕانەوەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ ناو هەرێم رۆژی ١٥-٣-٢٠٢٠ دەبێت و لە ١٦-٣-٢٠٢٠وە تاوەکو ١-٤-٢٠٢٠ رێگە نادرێت بە هاتنەوەی هاوڵاتییان لە ئێرانەوە. بەڕەچاوکردنی بەردەوام بوونی جموجۆڵی بازرگانی بەپێی رێنماییە بەرکارەکان.

٦- تەرخانکردنی قۆناغی دووەمی بوودجە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی تەندروستی بۆ رووبەروو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

٧- وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو راسپێردرا بۆ بەردەوام بوون لەسەر رێکارەکانیان لە چوارچێوەی سیاسەتی رووبەروو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

٨- راسپاردنی وەزیری داد بۆ چالاککردنی داواکاری گشتی بەمەبەستی وەرگرتنی رێکاری یاسایی بەرامبەر بەو کەس و لایەن و کەناڵە میدیاییانەی کە پێچەوانەی رێنماییەکان و سیاسەتی حکومەت کاردەکەن و دەبنە هۆی پشێوی.

٩- پێدانی دەسەڵات بە پارێزگارەکان و سەرپەرشتیاری یەکە ئیداریە سەربەخۆکان و لیژنەکانی قایمقامییەت بۆ رێکخستنەوە و چاودێری کردنی بازاڕی ناوخۆیی.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.