Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 17:55

لقی دووی پارتی: پیرۆز بێت یادی ڕاپەڕین و ئازادکردنی شاری هەولێر

له‌ ساڵیادی ئازادكردنی شاری هەولێر 3/11 به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌
کوردستان TV
#7
100%


لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ ساڵیادی ئازادكردنی شاری هەولێر به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:   

جەماوەری خۆشەویستی كوردستان
دانیشتیوانی سەربەرزی شاری هەولێر
كەسوكاری شەهیدە نەمرەكان

( 29) ساڵ بەر لە ئێستا، لە درێژەی هەڵمەتەكانی ڕۆژانی ڕاپەڕین و ڕزگاركردنی شارو شارۆچكەكانی كوردستان، لە ڕووداوێكی مێژوویی و گرنگ، لە ڕۆژی 11/3/1991 دا،خەڵكی سەربەرزی شاری هەولێر بە كورد و توركمان و كلدانی سریانی ئاشووری و هەموو چین و توێژەكانیەوە،شان بە شانی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان،لە بەرامبەر دڕندەترین ڕژێمی دیكتاتۆری بەعس هاتنە دەنگ و تێكڕا هاواریان كرد نا بۆ چەوساندنەوەو توندو تیژی بەعس،بەڵێ‌ بۆ ئازادی و چەسپاندنی حوكمی گەل،خۆشبەختانە لە ماوەیەكی كورتدا تەواوی دام و دەزگا داپلۆسێنەرەكانی بەعس كەوتنە دەست خەڵكی ستەملێكراوی هەولێر.

دوژمنان و داگیركەرانی كوردستان هیچ ڕێگایەكی نا مرۆڤانە و دوور لە بەهای ئایینی و سیاسی و ئەخلاقی و كۆمەڵایەتی نەما كە بۆ كپكردنی دەنگ و ئیرادەی خەڵكی كوردستان نەیگرنە بەر و ڕۆژ بە ڕۆژ  پرۆژەو پیلانی تازەیان دادەڕشت،بۆ بە كۆمەڵ كوشتن لە شێوەی ڕاگواستن و ئەنفال و جینۆساید كردن،تا بەهۆیەوە گەلی كوردستان لەناو بەرن.
بەڵام یەكڕیزی خەڵكی كوردستان و لایەنە سیاسیەكان و گیانی لەخۆبوردەیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و ئیرادەی لەبن نەهاتووی جەماوەری كوردستان،سات لە دوای سات بۆ بەرگری كردن لە خاك و نیشتیمان بەهێزتر و بە گوڕتر دەبوو.

جێگای ئاماژە پێكردنە ئەو سەركەوتنە مەزنەی خەڵكی ڕاپەڕیوی شاری هەولێر هاوكات بوو لەگەڵ ڕێككەوتننامەی ( 11)ی ئازاری ساڵی ( 1970) كە گەلی كوردستان لە سایەی شۆِرشی مەزنی ئەیلوول بە سەرۆكایەتی بارزانی نەمر ، توانی ڕژێمی ئەوسای بەغدا ناچار بكات دان بە مافی ڕەوای خەڵكی كوردستان بنێت لە چوارچێوەی ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان.

ئێمە لێرەدا كە یادی سەركەوتنەكانی ڕاپەڕین و ڕزگاری كوردستان بە كەركووكی خۆشەویستیشەوە دەكەینەوە، پڕ بە دڵ پیرۆزبایی لە خەڵكی بە ئەمەكی كوردستان بەگشتی و شاری قەڵا و منارە بەتایبەتی دەكەین، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاكی شەهیدان دادەنوێنین و سڵاوی خۆڕاگریش بۆ هێزی پێشمەرگە دەنێرین.

لە كۆتاییدا،جەخت دەكەینەوە ئەو دەستكەوتانەی خەڵكی كوردستان،بەرهەمی یەكڕیزی و تەبایی و فرە ڕەنگیە لە كوردستان،بە هەمان شێوە پاراستن و پێشخستن و بەدەستهێنانی تەواوی مافە بەدی نەهاتووەكانی تر هەر بە یەكڕیزی و هاوهەڵوێستی لایەنەكان و خەڵكی كوردستان دێنە دی.

لەو یادەدا لە سۆنگەی پەرۆشیمانەوە بۆ تەندروستی هاوڵاتیان و پاك و خاوێنی و خۆپارێزیان بەرامبەر ڤایرۆسی كۆرۆنا كە ڕووبەڕووی هەموو جیهان بۆتەوە،داواكارین هاوڵاتیانی خۆشەویست پابەندی ڕێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بن تا ئەم دۆخە تێدەپەڕێت.

بە پێویستیشی دەزانین داوا لە جەماوەری شاری هەولێر بكەین كە ئەو ئارامیەو دەستكەوتانە بپارێزن كە لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان و ئەزموونەكەماندایە، ئەوم یادە بێتە سەكۆیەك بۆ ئاوڕدانەوەی زیاتر لە كەسوكاری سەربەرزی شەهید و ئەنفالكراوان و تێكۆشەرانی گەلەكەمان.

دووبارە پیرۆز بێت یادی ڕاپەڕین و ئازادكردنی شاری هەولێر،جارێكی تر سەری ڕێز و نەوازش دادەنوێنین بۆ سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری كوردستان و شەهیدانی ئازادكردنی شاری هەولێر

10 ی ئازاری 2020

كوردستان TV

هه‌واڵ و چالاكییه‌كانی پ.د.ك

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.