نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی(50)ەمین ساڵیادی رێككەوتننامەی (11ئادار1970) پهیامێكی بڵاوكردهوه رایگهیاند: لەم بۆنەیەدا جەخت لە سەر هەڵوێستی چارەسەرخوازانەی خۆمان دەكەینەوە و بە ئومێدین دۆخی عێراق بەرەو سەقامگیریی سیاسی هەنگاو بنێ.
ئەمڕۆ نیو سەدە بەسەر واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئازاری ساڵی 1970دا لەنێوان سەرکردایەتیی شۆڕشی ئەیلوول و حکوومەتی ئەوسای عێراقدا تێدەپەڕێت. ئەم ڕێککەوتنە دەستکەوتێکی گرنگی ئەو شۆڕشە مەزنە و بەرهەمی چەندین ساڵ خەبات و خۆڕاگری و قوربانیدانی گەلی کوردستان بووه به ڕابهرایهتیى بارزانیى نهمر لەپێناو مافە ڕەواکانیدا، هەر ئەو ڕێككەوتنەش بووە بەردی بناغەی هەموو ئەو دەسكەوتانەی دواتر بۆ گەلەكەمان هاتنەدی.
یادکردنەوەی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئازار، ڕێزگرتنە لە مێژووی تێکۆشان و قوربانیدانی گەلەکەمان بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکانی. ئەم ڕێککەوتنە بەڵگەی ڕاستیی باوەڕی گەلی کوردستانە بە ڕێگەچارەی ئاشتیانە لە هەر کێشە و ململانێیەکدا، هاوکات وانە و پەندێکی مێژووییی گرنگیشە بۆ لایەنە سیاسی و پێکهاتەکانی عێراق کە هەمیشە بژاردەی دیالۆگ، لێکگەیشتن، ڕێزلهیهكگرتن و باوەڕی بە مافەکانی یەکتر، تاکە ڕێگەی دروستە بەرەو ئاشتی و ئایندەیەکی گەش.
هەر لەم بۆنەیەدا جەخت لە سەر هەڵوێستی چارەسەرخوازانەی خۆمان دەكەینەوە و بە ئومێدین دۆخی عێراق بەرەو سەقامگیریی سیاسی هەنگاو بنێ، لەوپێناوەشدا وەك هەمیشە ئامادەی هەموو هاوكاری و پشتگیرییەكین.
بەرز و شکۆدار بێت یادی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئازاری 1970.
سڵاو لە شەهیدانی ڕێگای سەرفرازی و خەباتی ئاشتیخوازانەی گەلی کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
10/3/2020
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.