پارێزگاری ههولێر رایگەیاند هیچ پێویست ناکات هاووڵاتیان پەلە بکەن لە شت کڕین، چونکە جموجوڵی بازرگانی بەردەوامە لە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران و لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراقیش، بۆیە کەلوپەل زۆرە و بارودۆخ وەک خۆیەتی.
ئەمڕۆ پێنج شەممە 12-3-2020 فرسهت سۆفی پارێزگاری ههولێر رایگەیاند دڵنیایی دا کە هیچ پێویست ناکات هاووڵاتیان پەلە بکەن لە شت کڕین، چونکە جموجوڵی بازرگانی بەردەوامە لە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران و لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراقیش، بۆیە کەلوپەل زۆرە و وەکو خۆیەتی.
فرسەت سۆفی دووپاتی کردەوە: ”تکایە لە ماڵەکانتان بمێننەوە. تەنیا دوو هەفتەی تر دەتوانین سەرکەوتنی خۆمان بەسەر ئەم نەخۆشییە رابگەیەنین. نەورۆز مەکەن و لە ماڵەوە بمێننەوە. ئێمەش ڕێوشوێنی پێویست دەگرینە بەر“.
فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەک بە بەشداری سەرجەم قایمقامەکان لە پارێزگای هەولێر بەڕێوەچوو و چەند بڕیارێک بۆ خۆپارێزی و تووندوتۆڵترکردنی رێوشوێنەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا درا کە گرنگترینیان ئەمانەن:
کەرەنتینکردن بە رێوشوێنێکی تووند بەردەوام دەبێت و چاوپۆشی لە کەس ناکەین
رێوشوێنی تووند لە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران دەگیرێتەبەر
هەموو کافتریا، چایخانەکان، شوێنە قەرەباڵخەکان، بازاڕە میللییەکان، رێستۆرانت و چێشتخانەکان لە 14ـی مانگ بەدواوە دادەخرێن. تەنها دەتوانن بەشێوەی گەیاندن خواردن بدەن بە هاووڵاتیان
رێگەنادەین لەسەر شوێنە گشتییەکان و سەر شەقامەکان گۆشت و مریشک بفرۆشرێن
پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل رۆژانی هەینی و شوێنەکانی ئاڵوگۆڕی دراو دادەخرێن.
داوامان لە وەزیری ناوخۆ و تەندروستیی کرد لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران رەچاوی دۆخی هاونیشتمانییان بکەن لە کرێی دووکانەکان بۆ ئەوەی کەمبکرێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.