بەپێی ئەو زانیارییانەی ناوەندی جۆنس هۆپكینس بۆ لێکۆڵینەوە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاویکردووەتەوە، تا ئێستا پێنج هەزار و ٨۹٤ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە ئەمریکا تۆمارکراون و ١٠٨ کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.
دوابەدوای تۆمارکردنی یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە ویلایەتی ڤیرجینیای رۆژئاوا، ڤایرۆسەکە هەر ٥۰ ویلایەتەکەی ئەمریکای گرتەوە.
لە چوارچێوەی رێوشوێنەکانیش بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە سەرۆک شارەوانی نیویۆرک، بیڵ دێبلاسیۆ ٤٨ کاتژمێر قەدەغەکردنی هاتوچۆی راگەیاند.
بیڵ دێبلاسیۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، ژمارەی تووشبوانی کۆرۆنا لە نیویۆرک ٨۰۰ کەسی تێپەڕاندوە و دوای ئەو ٤٨ کاتژمێرەش لە بارەی هەنگاوی داهاتووەوە بڕیارێک دەدەن.
سەرۆک شارەوانی نیویۆرک، بیڵ دێبلاسیۆ باسی لەوەش کرد کە ڤایرۆسەکە بە مەترسیدارترین شێوە بڵاودەبێتەوە و لەڕێی مۆبایلیشەوە نامەی هۆشداری دەنێرن بۆ هاووڵاتییان تا لە ماڵەکانیان نەیەنەدەر.
بیڵ دێبلاسیۆ لەبارەی گرانبوونی نرخی شتومەکەوە ئەوەی ئاشکرا کرد کە بڕی ۲۷٥ هەزار دۆلار سزا بەسەر ٥٥۰ شوێندا سەپێندراوا کە پێشێلکارییان ئەنجامداوە و نرخی کەلوپەلیان گران کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.