وەزارەتی تەندروستی چین لە راگەیەنراوێکدا، ئەوەی ئاشکرا کرد کە دوێنێ و ئەمڕۆ هەر رۆژەی یەک حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە شاری وهان تۆمارکراوە. لە سەرتاسەری چینیشدا ئەمڕۆ، ۱۳ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە تۆمارکراوە.
ئەمەش یەکەمجارە لەو شارە و بۆ ماوەی دوو رۆژی یەک لەدوای یەک، تەنها یەک حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنا تۆمار بکرێت.
تا ئێستاش ژمارەی ئەو کەسانەی لە چین بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتوەتە، سێ هەزار و ۲۳۷ کەس و ژمارەی تووشبوانیش ٨۰ هەزار و ٨۹٤ کەسە، هەروەها ٦۹ هەزار و ٦۱٤ کەسیش دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست چاکبوونەتەوە و نێردراونەتەوە ماڵەوە.
ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە ۱۲ی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوودا لە شاری وهان رۆژهەڵاتی چین دۆزرایەوە و بەخێرایی بە ناوچەکانی دیکەی ئەو وڵاتە و جیهاندا بڵاوبووە، لەئێستاشدا ژمارەی تووشبوان بە ڤایرۆسەکە گەیشتووەتە ١٩٩هەزار و ٣٣٨ کەس.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.