عه‌لی سیستانی، مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كان له عێراق، جارێكی دیكه پشتگیری خۆی بۆ بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی گردبوونه‌وه نیشاندا كه له لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه وه‌ك هه‌نگاوێك بۆ به‌رگرتن له بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) راگه‌یه‌نراوه و ئاشكرایكرد، هه‌ر كه‌سێك به ئه‌نقه‌ست ڤایرۆسه بگوازێته‌وه "بكوژره".
عه‌لا ئه‌بو تابوك، به‌رپرسی راپرسییهكان له نووسینگه‌ی عه‌لی سیستانی، له تۆمارێكی ده‌نگییدا رایگه‌یاندووه، مه‌رجه‌عی باڵا، عه‌لی سیستانی، پشتگیری قه‌ده‌غه‌كردنی گردبوونه‌وه ده‌كات كه له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه راگه‌یه‌نراوه.
ئه‌بو تابوك راشیگه‌یاندووه، به‌هۆی مه‌ترسییه‌كانه‌وه باشتره هیچ گردبوونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام نه‌درێت و سیستانی پێی باشه هه‌موو لایه‌ك پابه‌ندی بڕیاره‌كانی ده‌وڵه‌ت بن.
ئه‌وه‌یشی روونكردووه‌ته‌وه كه هه‌ر كه‌سێك پێشێلی بڕیاره‌كه بكات گوناهبار ده‌بێت و هه‌ركه‌سێك كه زانیاری هه‌بێ كه تووشی ڤایرۆسه‌كه بووه و به ئه‌نقه‌ست بڵاوی بكاته‌وه "كوشتنی ئه‌نقه‌سته" و هه‌ركه‌سێكیش كه نه‌زانێت تووشبووه و به‌هۆیه‌وه ڤایرۆسه‌كه بڵاوببێته‌وه "كوشتنی هه‌ڵه‌یه".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.