نه‌خۆشخانه‌ى پێشمه‌رگه هه‌واڵی هه‌ندێ كه‌ناڵى میدیایی به‌درۆ ده‌خاته‌وه، گوایه نه‌خۆشخانه‌كه‌یان پربووهوه له نه‌خۆشی ڤایرۆسی كۆرۆنا، جێگایان نه‌ماوه ئه‌م هه‌واڵه دووره له راستیه‌وه.
دواى ئه‌وه‌ى ده‌نگۆى پڕبوونى نه‌خۆشخانه‌ى پێشمه‌رگه به نه‌خۆشانى هه‌ڵگرى ڤایرۆسى كۆرۆنا له چه‌ند كه‌ناڵێكى راگه‌یاندن بڵاوكرایه‌وه، كه ئه‌مه‌ش بووه هۆى دروستكردنى ترس و دڵه‌ڕاوكێ لاى خه‌ڵك، كه به‌هۆیه‌وه هاووڵاتیان به‌وه تێگه‌یشتوون كه ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه پێده‌چێت ژماره‌یه‌كى زۆرى نه‌خۆشى له‌خۆ گرتبێت، بۆیه له‌م كاته‌دا پڕبووه‌و جێگه‌ى نه‌خۆشى تر نه‌ماوه، گوایه ژماره‌ى تووشبووان له‌وه‌ى ئێستا راگه‌یندراوه زیاتره، به‌ڵام وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ئه‌و راستییه بۆ خه‌ڵك ئاشكرا ناكات.
له‌م باره‌وه ره‌فعه‌ت مزوورى به‌رێوه‌به‌رى كارگێرى نه‌خۆشخانه‌ى پێشمه‌رگه له لێدوانێكى تایبه‌تدا بۆ كوردستان تیڤی ئه‌و هه‌واڵه‌ى ڕه‌ت كرده‌وه‌و رایگه‌یاند: ژماره‌ى ئه‌و نه‌خۆشانه‌ى كه هه‌ڵگرى ڤایرۆسى كۆرۆنان و له نه‌خۆشخانه‌ى پێشمه‌رگه خه‌وێنراون، ته‌نها 16 شازده حاڵه‌ته و رۆژانه له لایه‌ن تیمى پزیشكى وه‌زاره‌تى تهندروسستییهوه به باشترین شێوه‌و به پێشكه‌وتووترین ئامێرى پزیشكى چاره‌سه‌رى پێویستیان بۆ ده‌كرێت و له نهادا ره‌وشى ته‌ندروستى هه‌موویان له‌و په‌رى باشیدایه.
مزوورى بۆ كوردستان تیڤی گوتیشى: نه‌خۆشخانه‌ى پێشمه‌رگه له‌سه‌ر سیسته‌مى مودێرنى ته‌ندروستى جیهانى له لایه‌ن وو‌ڵاتى ئه‌ڵمانیاوه بۆ هێزه‌كانى پێشمه‌رگه دروست كراوه‌و گشت ئامێر‌و پێداویستى پزیشكى پێشكه‌وتوو بۆى دابین كراوه‌و ئه‌و نه‌خۆشانه‌ى كه له‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌دا چاره‌سه‌ریان بۆ ده‌كرێت له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه هه‌ست به ئارامى و ئاسۆده‌یی ده‌كه‌ن و له ئه‌داى كارى پزیشكه‌كان رازین و هیچ گلهیهكیان نییه.
له كۆتاییدا به‌رێوه‌به‌رى كارگێرى نه‌خۆشخانه‌ى پێشمه‌رگه، رایگه‌یاند: هاووڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان له‌وه دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه، كه ته‌نها 16 حاڵه‌ت له‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌دا هه‌ن ئه‌و ئامارانه‌ى كه رۆژانه له وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى رادهگهینرێن، راستن و داوایشى له هه‌ندێ كه‌ناڵى میدیایی كرد، كه پشت به زانیارى فه‌رمى ببه‌ستن و نه‌بنه هۆى سه‌رچاوه‌ى بڵاوكردنه‌وه‌ى هه‌واڵى نادروست و ترس و دله‌ڕاوكێ بۆ خه‌ڵك.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.