Erbil 38°C دووشەممە 23 شوبات 19:39

عێراق.. داوا ده‌کرێت دەوامی قوتابخانه‌ و زانکۆکان درێژبکرێتەوە

بە دووری دەزانن پڕۆسەی خوێندنی ئەمساڵ هەڵبوەشێنرێتەوە
عێراق
کوردستان TV
100%

سەرۆکی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، بۆ قەرەبووکردنەوەی ماوەی راگیرانی خوێندن چەند پێشنیازێک تاوتوێکراوە، لەوانە درێژکردنەوەی ماوەی خوێندن بۆ مانگی ئاب، دەشڵێت، بە دووری دەزانن پڕۆسەی خوێندنی ئەمساڵ هەڵبوەشێنرێتەوە. 

قوسەی یاسری، سەرۆکی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندووە، هەرچەندە تا کۆتایی هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا باسکردن لە دەستپێکردنەوەی دەوام تەنها پێشنیازێکە و جێبەجێناکرێت، بەڵام لیژنەکەیان تاوتوێی درێژکردنەوەی پرۆسەی خوێندن تا کۆتایی مانگی ئاب دەکات، لەگەڵ گرتنەبەری رێکاری پەڕینه‌وە واته‌ عبور بۆ پۆلە ناکۆتاییەکان و کەمکردنەوەی ماددەکانی خوێندن. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی ئەوەی هاوینی عێراق بەتایبەت لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشور پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزدەبنەوە، پێشنیازێک هەیە کە پڕۆسەی خوێندن لەو ناوچانەدا لە ساڵی نوێدا درێژبکرێتەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو مادانەی نەخوێندراوە. 

سەرۆکی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق باسی لەوەشکرد، سەرەڕایی دژواری قۆناغەكه‌ و کاریگەری راگرتنی پرۆسەی خوێندن لەسەر قوتابیان و مامۆستایان، بەڵام لە هەموو دۆخێکدا بەدووری دەزانن پڕۆسەی خوێندنی ئەمساڵ هەڵبوەشێنرێتەوە، بەهۆکاری ئەوەی ژمارەی قوتابیان لە قۆناغی یەکەمدا بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.