Erbil 38°C دووشەممە 23 شوبات 19:39

عادل عه‌بدولمه‌هدی: هه‌ر هێرشێکی ئه‌مریکا له‌ عێراق پێشێڵکردنی سه‌روه‌ری یاسایه‌

سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق راگه‌یاندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌
کوردستان TV
100%

سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق، عادل عەبدولمەهدی بەڵینی دا هەوڵەكانیان بۆ راوەدوونانی ئەو كەسانەی كە بەرپرسن لە بەئامانجكردنی بنكە سەربازییەكان و نێردەكانی بیانی لە عێراق چڕتر بكەنەوە.

لەمیانی چەند هەفتەی رابردوودا، هێرشی مووشەكی كرانە سەر بنكەكانی سوپای ئەمریكا و ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا كە باڵیۆزخانەی ئەمریكای لێیە و لە ئاكامدا ژمارەیەك كەس كوژران و برینداربوون.

هەر بەهۆی ئەو هێرشانەوە، هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی دژبە داعش سەرجەم چالاكییەكانی تایبەت بە مەشقپێكردن بە هێزە عێراقییەكان راگرت، هەروەها لە ژمارەیەك بنكەی سەربازی كشایەوە و ئەو بنكانەشی رادەستی هێزە عێراقییەكان كرد.

عادل عەبدولمەهدی لە راگەیەندراوێكدا ئەوەی گوتووە "كردە نایاساییەكان لە بەئامانجكردنی بنكە سەربازییەكانی عێراق یان نێردەكانی بیانی، واتای بەئامانجكردنی سەروەریی عێراقە".

گوتیشی: "ئەنجامدانی هەر كردەیەكی جەنگی مۆڵەت پێ نەدراو، بە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی هاووڵاتییان و پێشێلكردنی سەروەریی و بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵات دادەندرێت".

سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق، عادل عەبدولمەهدی ئەوەشی گوت "حكوومەت رێوشوێنی توند بۆ راوەدوونانی ئەنجامدەرانی هێرشی سەر بنكە سەربازییەكان دەگرێتەبەر و هەوڵەكانیشی بۆ ئەو مەبەستە چڕتر دەكاتەوە".

راشیگەیاندووە"حكوومەت بە نیگەرانییەوە بەدواداچوون دەكات بۆ زانیارییەكان سەبارەت بە بوونی فڕۆكەی مۆڵەت پێ نەدراوە لە نزیك ناوچەكانی سەربازیی".

سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق، عادل عەبدولمەهدی روونیشیكردەوە كە گرنگە هەوڵەكان بە ئاراستەی شەڕی دژبە داعش، دەستەبەركردنی ئاسایش، پاڵپشتیكردن لە دەوڵەتی حكوومەت، هەروەها رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا چڕتر بكرێنەوە.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.