Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 17:14

له‌ ساڵیادی کۆچی دوایی بیرمەندی کورد مامۆستا مەسعوود محەمەد

نەیاندەتوانی شەڕی فیکری گەورە و شەڕی مەنتیق و زانیاری لەگەڵ بکەن
کوردستان TV
100%

له‌ ساڵیادی کۆچی دوایی بیرمەندی کورد مامۆستا مەسعوود محەمەدە کە پێش (۱۸) ساڵ ماڵئاوایی لێکردین . مەسعوود محەمەد کەسایەتییەکی زیندووە ، چ لە ژیانی و چ لە دوای مردنی بیروڕا و بۆچوونەکانی مشتومڕ و قسە و باسی زۆریان بەدوای خۆیاندا هێناوە  کە هیچ نووسەرێکی کورد نە ئەوسا و نە ئێستا ئەو زیندوێتییە لە بیروڕایەکانیدا بەدی نەکراوە ، ئەو بە بۆچوونە نوێیەکانی بەردەوام پرسیاری نوێی بەدوای خۆیدا هێناوە ، چونکە هەمیشە پێی دەهاوێشتە ناو هەرێمە نەدۆزراوەکان و لەو دەرگایانەی دەدا کە پێشتر کەس بیری لێ نەکردبوونەوە ..

تا لە ژیاندا بوو کەس نەما خۆی لێ نەکاتە "پێشکەوتنخواز" و بەو ناوەوە قسەیەکی ساردوسڕی پێ نەڵێ ، بۆیە ڕۆژێ بە کۆنەپەرست ، ڕۆژێ بە بۆرژوازی ، ڕۆژێ بە بیرتەسک ، ڕۆژێ بە خۆفرۆش ناویان دەبرد ، لە باشترین حاڵەتدا پێیان دەگوت "کۆنەپەرستێکی زیرەک " ، بەڵام بەتێپەڕینی ڕۆژگار هەموو بیروبۆچوونە کاڵوکرچەکان ، هەموو قسە سەرپێی و بازاڕییەکان ، وەک خۆی دەیگوت وەک بەفرەکەی پار توانەوە و خۆیان لەبەردەم هەتاوی بەتینی حەقیقەت بە پێوە نەگرت ، چونکە ڕەخنە نەبوون و لە بیروڕا و بۆچوونی قووڵی فیکری و فەلسەفی و ئەدەبییەوە هەڵنەقوڵابوون . 
ئەو شەڕەی پێیان دەفرۆشت ، شەڕی نامەردی بوو کە بە چەکی نامەردانە ڕووبەڕووی دەبوونەوە ، چونکە نەیاندەتوانی شەڕی فیکری گەورە و شەڕی مەنتیق و زانیاری لەگەڵ بکەن ، بەوەشەوە نەدەوەستان ،  دەچوون ڕاپۆرتیان لێ دەنووسی تا تووشی بکەن ، یان هیچ نەبێ  بە شتی لابەلاوە سەرقاڵی بکەن ، لە بیرمە جارێکیان لە هەشتاکان ، لە یەکتر بینینێکدا باسی ئەو ڕاپۆرتەی بۆ کردم کە لەبارەی کتێبی (لسان الکرد) لێیان نووسیبوو ، لە گەرمەی شەڕی  ئێراق و ئێران نووسیبوویان گوایە لەو کتێبەیدا ستایشی زمانی فارسی کردووە و زمانی کوردی بردووەتەوە سەر ڕەگوڕیشەی فارسی .
ئەزیەتدان و ڕاپۆرتنووسین و بڵاوکردنەوەی ویزەویزی قەڵەمە ڕاسپێراوەکانیش لەولا بوەستێ کە لەسەر چەند ئاستێک کاریان لەسەر دەکرد ، ئەمانە هیچیان نەیانتوانی بەقەد تاڵە موویەک کاری تێبکەن ، بۆیە ئەوەی ئەوڕۆ دەیبینین کتێب و نووسینەکانی مەسعوود محەمەدن کە بە درەشاوەیی مانەوە ، کەسانی ناحەز و نەیار و ڕاپۆرتنووسە کاڵفامەکانیش خەجاڵەتی دەکێشن .
من بێجگە لەوەی خوێنەرێکی باش و بەردەوامی هەموو کتێب و نووسینەکانی بووم ، شەرەفی ئەوەشم بەرکەوت لە ژیانمدا لێیەوە نزیک بم و چەندان جار بە سەعات لەگەڵی دانیشم و گوێم لە وتە و بیروبۆچوون و فرمایشەکانی بێ .. کە لە ساڵی ۱۹۹۷ بۆ یەکەم جار لە دوای ڕاپەڕین هاتە هەولێر ماوەی سەعاتێک گفتوگۆی تەلەڤیزیۆنیم لەگەڵی سازدا و لە کاتی خۆیدا لە تەلەڤیزیۆنی گوڵان پەخش کرا ، دواتر گفتوگۆکەم فراوان کرد و لە ژمارە (۱٦)ی گۆڤاری ڕامان بڵاوم کردەوە .. هەرگیز دەور و چاکەی لە کەمکردنەوەی گێچەڵەکانی چاپکردنی ( دیوانی شێخ نووری شێخ ساڵح )یش لەبیر ناکەم کە سەرەتای ساڵانی هەشتاکان بۆی بە خەرج دام ، ئەمەیان لە دەرفەتێکی دیکەدا بە تێروتەسەلی لێی دەدوێم . 
ئەو جەنگاوەرەی لە هەموو ژیانیدا لە پێناوی کوردایەتی و بیروڕا فیکری و فەلسەفییەکانی لە شەڕ و ململانێدا بوو ، دوای مردنیشی دەست ڕۆیشتووەکان دەرکیان بە گەورەیی ئەو بیرمەندە نەکرد و هیچیان بۆ نەکرد ، نە شەقامێک ، نە گۆڕەپانێک ، نە قوتابخانەیەک ، نە دەزگایەکی مەعریفی و کولتووری بە ناوەوە کرا ، نە پەیکەرێکی پێ ڕەوا بینرا ، تەنانەت پرسەکەشی لە ئاستی پێگە و پلەوپایەی ئەو گەورە پیاوە نەبوو .. لە یادی مەرگی ئەو بیرمەندە گەورەیە دەڵێم : ئەو ڕۆژگارەی ئەو پیاوە گەورەیەی تێدا ژیا ، زۆر لە ڕۆژگاری ئەمڕۆ دەچێ ، دنیایەک کە کەسانێ خۆبەخشانە قۆڵیان لێ هەڵماڵیوە تا دژی هەموو جوانییەکان و پیاوە گەورەکان بن .
ن ئازاد عەبدولواحید

ئەدەب

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.