جەعفەر عەللاوی، وەزیری تەندروستیی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ی نیسان لە کۆبوونەوەی وەزیرانی تەندروستیی وڵاتانی ناوچەی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، کە رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا رێکیخستبوو، رایگەیاند "ئەگەر هاووڵاتییان پابەندبن بە رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی، ئەوا کۆتایی مانگی ئایاری داهاتوو مەترسیی ڤایرۆسی کۆرۆنا نامێنێت".
یەکەمین کەیسی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق لە 21ی شوباتی ئەمساڵ لە شاری نەجەف تۆمارکرا. بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی عێراق تاوەکو ئێستا 728 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون، لەو ژمارەیە 52 کەس گیانیان لەدەستداوە و 182 کەسیش چاکبوونەتەوە.
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، شانەی قەیرانەکانی عێراق لە رۆژی 17 تاوەکو 28ی ئادار قەدەغەی هاتووچۆی لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق راگەیاند، دواتر بڕیارەکەی بۆ 11ی نیسان درێژکردەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.