Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 16:47

کۆڤید نۆزدە

ئه‌و(خۆشمئه‌وێی) به‌هێما کردووه‌
کوردستان TV
100%

لەمڕۆ ئەڕوانم لە دیدی تەلەفۆنەکەمەوە
چیدی خۆم دیدێکم نەماوە
بۆ شرۆڤەکردنی دونیای دەرەوە
کەرتی تەندروستی رایدەگەیەنێت،
قسەکردنمان سنوردار بکەین...
ئێس ئێم ئێسێک لە کوڕەکەمەوە، (١١١١)
ئه‌و(خۆشمئه‌وێی) به‌هێما کردووه‌.
مەبەستییەتی دەست بە وشەکانەوە بگرێ و
پابەندی رێنماییەکانی کەرتی تەندروست بێت.
لەهەمانکاتدا،
بەشی ئیلێڤن ئیلێڤنێکی تر بۆ باوکی پاشەکەوت بکات.
کچەکەم چیدی وانەکانی نانوسێتەوە و
پێیوایە تەماشاکردنی مامۆستاکەی لە شاشەدا کۆمیدییە.

ئێس ئێم ئێسێک،
- پێت وایە ئەم دیوارانە ئێمە رزگار ئەکەن؟
زەوی ئیدی کەمپێکی گەورەیە
وەلێ ئێمە بە تەنکەر ئاومان بۆ نایەت.
تام لێدێنێ، ئەم دوکەڵەی بە جیهاندا پەخشبووە.
نیگەرانی کاتم، کە فەرامۆشمان کرد
ئیدی کەس بۆی گرنگ نییە
ئەمڕۆ چەند شەممەیە و
کاتژمێر چەندی ئەوێت بۆ١١؟

ئێس ئێم ئێسێک:
ئیلیانەکان هاتونەتە سەر زەوی و
تۆوی covid 19یان
بە کێڵگەی گوڵەبەڕۆژەکاندا پەخشکردووە.
من کە ئەمەوێ ئەم زەویە بە سنگمەوە بگوشم و
بەشی هێندە وشەم پێبمێنێ
شیعرێکی بۆ تۆ پێبنوسم
یان بۆ مردووە دەمامکدارەکان
ئەوانەی لە شەقامەکاندا مەترونیوێک لە نێوانیاندایەو
بە دۆستەکانیان نا ئاشنان.
ئەوانەی، مارکێتەکان ئەپێچنەوە
شتێک, کە من ناوی ئەنێم، ترس لە ونبوون.

بێدەنگییەکی لەم چەشنەم
لە ئەفسانەکاندا خوێندۆتەوە
ئێس ئێم ئێسێکی دی،
هەر بە راستی ئێمە لە فیلمێکدا ئەژین؟
سەدان جار خەبەرم بووەوە و
هێشتاش ناتوانم ئەوەی لە دەرەوە روو ئەدات
وەکو خەونێک راڤە نەکەم.

ئەرستۆکراتیەکان، یەک یەک ئەچنە ئەسانسۆرەکانەوە.
مارکسیەکان چەکوش و کەوانەکەیان لە یەکتر جودا کردەوە.
لەشفرۆشەکان داوای قەرەبو لە حکومەت ئەکەن.
شورای چین نەیتوانی بەرگری لە چین بکات
رۆشنبیرەکان کلێنیکسیان لە وڵاتدا نەهێشت
بێگومان پێویستیان بە زۆرترین کات هەیە
بۆ بیکردنەوە لە تەوالێتەکاندا.
مردوی نێو شەقامەکان بە یارو یاوەر نائاشنان
مرۆڤ گەڕاوەتەوە لای خۆی
نزیکە لەگەڵ خۆیدا دەست و پەنجە نەرم بکات.
ئێمە مرۆڤی نێو چوارگۆشەین
تۆقیو لە هەناسەی یارەکانمان
زەوی بەو بچووکیە،
چلۆن جێگەی ئەو هەموو مەترو نیوەی تێدا ئەبێتەوە؟
تۆ لە چوارگۆشەکەی مندا بمێنەرەوە
لەپێناو پاراستنی قەبارەی زەوی.

بەجوتێک ماسکەوە
لەم سەردەمی کۆڤید نۆزدەیەدا
بە مەودای مەترو نیوێک لە نێوانماندا،
پێک ئاشنا ئەبین
من و تۆ لەیەک نزیک ئەبینەوە و
جیهان دوور...
هەوا پاریسییە و تۆ لەنێو چوارگۆشەکەمدا
وەفادارانە بە بەرچاوی پۆلیسەکانەوە
لێو دەنێی بە دەستەکانمەوە
(خ ۆ ش م د ە و ێ ی)
بێئەوەی بیر لە ١١١١ بکەیتەوە.
هێی تۆ، دەبینی وەفاداری چ فۆرمێکی وەرگرتووە؟

من وەک بونەوەرێکی قێزەون
لەنێوخۆمدا دێم و دەچم
کراسەکانم لەمندا دەیان رەنگ ئەگۆڕن لە رۆژێکدا
ئەوە منم قێز لە کراسەکان ئەکەمەوە، یان ئەوان لە من؟
ئەوە ئەوانن من دەگۆڕن وەک مرۆڤێکی ڤایرۆساوی، یان من ئەوان؟
هێی تۆ،
پێت وایە جارێکی تر من شاعیرێکی هاوڕێم
بانگهێشتی قاوەخواردنەوە ئەکەم؟
یادی لەدایکبونی هاوڕێکانمان لە کۆمپیوتەرەکانماندا ئەکەینەوە و
پێکەوە وێنەیەکی بەکۆمەڵ ئەگرین.
هێی تۆ،
پێتوایە رۆژێک لە کۆمپیوتەرەکانمانەوە
ئەگەڕێینەوە نێو ژیان؟
نیگەرانی هۆڵی شانۆکانم
کۆنسێرتەکان و شیعرەکان
هەروەها سەمای بالیە.
پیرەپیاوە جوەکەی دراوسێم
کە هەموو رۆژێک بە کڕینی رۆژنامەکان رایدەسپاردم.
لە ئێس ئێم ئێسێکدا بۆی نوسیبوم، چیدی رۆژنامە ناخوێنێتەوە
ئێستا ئیدی رۆژنامەکان کێڵگەی ڤایرۆسن.
هەر بە راستی ئێمە لە فیلمێکدا ئەژین؟

مەیلی تۆ بۆ ئەم مەودایەی لەنێوانی من و ئەوانی تردایە،
لە هەڵکشاندایە
ئەمە وادەکات من تەنیا لەنێو مەترونیوەکەی تۆدا بمێنمەوە و
هەر بەتەنیا هەناسەی تۆ هەڵمژم.

لەمڕۆ ئەڕوانم، لە دیدی تەلەفۆنەکەمەوە
چیدی خۆم دیدێکم نەماوە
بۆ شرۆڤەکردنی دونیای دەرەوە...
جەنگێکی سارد هەڵگیرساوە
جەنگی نێوان هەناسە و کات
هەموو شتێک روو لە فەنا بوونە
من تەنیا زمانێکم پێویستە
شعرێکی بۆ تۆ پێبنوسم
تۆ، کە بە ماسکێکی سپییەوە
لەسەردەمی بێ دەمەکاندا، خۆشمویستی.
بیرم نەچێ، سەنەتایزەرێک لەم شیعرەدا جێبهێڵم
بیرتانی پێ خاوێنکەنەوە
ئەمە تەنیا سیاسەتێکە
لەپێناو (وەن ۆرڵد گاڤرمێنت)
لەپەنجەرەکەوە شەرابفرۆشیەکە بە داخراوی ئەبینم
من, چیدی دیدێکم نەماوە بۆ شرۆڤەکردنی دونیای دەرەوە.  

 ن /  کۆچه‌ر ئه‌بوبه‌کر

كوردستان TV

ئەدەب

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.