سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عێراق رایگەیاند: ئەوان چاوەڕوانی دانیشتنی متمانەدانن بە حکومەتی نوێ و ئامادەن لە ماوەی 48 کاتژمێردا کاندیدی پۆستە وەزارییەکان رادەستی پەرلەمان بکەن، دەشڵێت، من کاندیدی نوێنەرانی گەلی عێراقم، نەک کاندیدی ئێران و بیانییەکان.
عەدنان زورفی، سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عێراق لە دیدارێکدا لەگەڵ کەناڵی عێراقییە لەبارەی پێکهاتەی حکومەت ئاماژەی بەوەکرد، گفتوگۆمان لەگەڵ سەرجەم لایەنەکاندا کردووە و ئەگەر پەرلەمان وادەی کۆبوونەوەی متمانەدان بە حکومەت رابگەیەنێت، لە ماوەی 48 کاتژمێردا کاندیدی پۆستە وەزارییەکان رادەستی پەرلەمان دەکەین، ئێمە بۆ هەمولایەکی دەسەڵمێنین کە وڵات لە شەڕ و داگیرکاری دەپارێزین.
ئەوەشی خستەڕوو، لە کاتی گفتوگۆکانی دیاریکردنی پۆستی سەرۆک وەزیراندا هەردوو هاوپەیمانی رەوتی حیکمە و سادیقون واژۆیان لەسەر کاندیدکردنی کردوە، بەڵام لە ئێستادا باس لە جێگرەوەی دەکەن، داوام لە خەڵکی عێراق ئەوەیە پشتیوانی حکومەتی نوێ بن.
لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناش، عەدنان زورفی وتی، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لە پەیوەندی داین بۆ بەدەسهێنانی پشتیوانی بۆ عێراق لە جەنگی رووبەرووبوونەوەی کۆرۆنادا.
رونیشیکردەوە، بەهۆی قەیرانی دارایی لە ئێستادا ناتوانرێت پڕۆژەی نوێ جێبەجێبکرێت، هەروەها حکومەت پێویستی بە پێداچوونەوە بە سیاسەتی ئابووریدا هەیە ئەویش بە کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستییەکان و گەشەپێدانی کەرتەکانی ئابووری دەبێت.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.