دیرۆك، پڕە لە ڕووداوگەلی قڕبوونی مرۆڤایەتی، چ سرووشتی بێت، یان مرۆڤ كردە، هەموو ئەوانە پارێزراوبوون، كە خۆیان پاراست و لە ئاشووبی رووداوەكان دووركەوتنەوە، یان گوێڕایەڵی ئاقڵمەندان بوون، لەوەتەی هەر یەكێك لە ئێمە فام دەكات، جۆرەها كارەساتی هاوشێوەی بینیووە، یان بیستوویەتی، چ پەتا بێت، یانژی شەڕ و كاوڵكاری، كۆرۆناش هاتووە و میوانێكی بەئازارەو ناچارین لەگەڵی رابێین، بەڵام دواجار دەبێتە ڕابردوویەكی تاڵی نێو لاپەڕەكانی ژیانی گێتی، لەسەردەمێكداین، زانست لە ترۆپكدایە، تنێ كاتی گەرەكە، بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بنبڕكاری ئەم ڤایرۆسە.
بەڵام ئەوەی جێی نەنگی و نیگەرانییە، خەڵكانێك هەن نەك هەر پێگیر نابن، بە رێككار و رێنماییەكان، بەڵكو بەهاتنەدەرەوە و توانج و پەلاریشەوە، قسە لەبارەیەوە دەكەن و قەدەخەی هامووشۆ دەشكێنن و دەسبەرداری هەندێك نەریت نابن، كەوا بەقەد خودی ڤایرۆسەكە كوشندەن...وەك بەشداری كۆڕی كۆمەڵایەتی و پرسە و دەرچوونی بەكۆمەڵ...كۆرۆنا وانەیەكی پێداین بەوەی جڤاكی كوردەواری لەخەوی رەدوو كەووتنی هەژموونی جیهانگەرایی بێدار كردەوە....لەوەتەی جاران وێڕای سەختی ژیان و سادەیی كەرستەكان و زەحمەتی دەسكەوتنی قووتی ژیان، خێزانی كورد لەسەرەتای وەزری بەهار و بەدرێژایی گەرمای تاقەتپڕووكێنی وەرزی هاوین، خۆراك و پیتاكی بۆ وەرزی بێكاری و نەداری نیوەی پایز و شەوگار و ڕۆژگاری زستانی تووش و بێ كەسابەت كۆدەكردەوە... كەچی ئەمێستاكە، هێندە تەوەزەل و تێر نەخۆر و چاوتەنگە، بەداخرانی یەك هەفتەی بازاڕ، نركەو ناڵەی برسێتی گوێچكەی مرۆڤایەتی كاس دەكات.... پرسیارێكە، گەلۆ خێزانی كورد بۆ دەست و پێ سپی بووە، توانای چاندنی چەنگێك پیاز نییە، گەزێك زەوی پێناكێڵرێت؟ بارتەقای تاتەنوێژێك سەوزی پێ دەستەبەر ناكرێت؟ نەشێت لاتێك لە زێدی خۆی بكاتە باخ.....رەوەزێك بكاتە ڕەز، بەڵێ هەژاری مشەیە، لێ زەنگینیش زۆرن، ئەم خۆپەرستیی و چاوچنۆكی لەكوێوە هاوردەكرا.... بۆچی تاكی كورد لە مرۆڤێكی زیتەل و پڕكێش و بزۆز و بەدەست و بردەوە... بووەتە كەسێكی خازخازۆك و چاوبرسی و سوالكەر و چاو لەدەستی خەڵكی تر... ئەم خۆ فریودانەی ناوێ... لێرەدا كۆرۆنا چیمان پێدەڵێت...دەبێ هەڵسەنگاندنێكی تێر و تەسەل بۆ رابردوومان بكەین، لەكوێوە كەمتەرخەم و تەوەزەڵ بووین؟ پاساوەكانی سەرقاڵبوون، جگە لەچاولێكەری كەسانێك درۆبوون، پێی گوتین، هەڕەمەكیانە ژیانمان كردووە، پلانمان نەبوو، بەدوایی خەونی ئەرخەوانی جیهانێكی تر، كەوتووین، كەوا ناكۆكە لەگەڵ جڤات و جڤاكی كوردەواری....ئەوروپایەك ئەو بەهەشتەی دوێنێ خەونمان بوو پێی بگەین، هەنووكە گۆڕستانی مەرگی مرۆڤەكانە، بەڵێ كۆرۆنا وانەی وا پێداوین، دەبێ پەندی لێوەرگرین و سوپاس بەئاگاهاتنەوەی لێ بكەین، بەوەی نە باپیرانمان هێندە نەزان و گەدا بوونە، شایانی فەرامۆشكردن بن، نە زاناو دانای ئێستاش جێی هومێدی یەكجارەكی بەرگەگرتنی دۆخێكی وەها دژوارن، كەوا كۆڕۆنا ڕەوڕەوەی ژیانی لەجولە خستووین
ئیدی پشت بەخوا و بەهیمەتی زانستخوازانی جیهان دەبێت هەریەك لە ئێمە دوای كۆرۆنا دەبێت ڕژد و مكوڕ بین لەسەر گۆڕانكاری ڕیشەیی لە فەلسەفەی ژیانكردنمان...
دوورە بەڵاو كۆرۆنا بن
ن/ جەبار عەلی
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.