غوڵام حسێن ئیسماعیلی، گوته‌بێژ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ئێران رایده‌گه‌ێنێت،له‌سه‌رتاسه‌ری وڵات زیاتر له سێ هه‌زار كه‌س ژه‌هراویبوون، زیاتر له ٦٠٠ كه‌سیش گیانیان له‌ده‌ستداوه.
به‌پێی هه‌واڵێكی ئاژانسی هه‌واڵیی نیمچه فه‌ڕمی ئێران ته‌نسیم، گوته‌بێژ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ئێران، غوڵام حسێن ئیسماعیلی له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا كه له رێگه‌ی ڤیدیۆ كۆنفرانسه‌وه سازی كرد، ئاماژه‌ی به‌وه كردووه كه به هۆی ژاهراویبوون به كحول (سپرتۆ) سه‌دان كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه.
ئیسماعیلی باسی له‌وه كرد مایه‌ی نیگه‌رانییه به‌هۆی ئه‌و ده‌نگویه‌وه كه گوایه كحول (سپرتۆ) بۆ پاراستن له ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ باشه و خه‌ڵكی ده‌یخۆنه‌وه و به‌و هۆیه‌شه‌وه گیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن، راشیگه‌یاند ''خواردنه‌وه‌ی كحول (سپرتۆ) چاره‌سه‌ر نییه و دژبه ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ نییه''.
گوتیشی: ''له‌سه‌رتاسه‌ری وڵات زیاتر له سێ هه‌زار كه‌س ژه‌هراویبوون، زیاتر له ٦٠٠ كه‌سیش گیانیان له‌ده‌ستداوه''.
ئیسماعیلی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه كحول (سپرتۆ) به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی له وڵات‌دا به‌رهه‌مده‌هێنرێت و زۆربه‌ی ستاندارتی پێویستی نییه، هاوكات ژماره‌یه‌كی زۆر له به‌رهه‌مهێنه‌رانی ده‌ستگیركراون و به‌توندترین شێوه سزا ده‌درێن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.