Erbil 38°C دووشەممە 02 ئازار 02:02

زانکۆیه‌کی هه‌ولێر ئاماده‌کارییه‌کانی بۆ خوێندنی ئۆنلاین ته‌واو کرد

قوتابیانی ئه‌و زانكۆیه‌ ده‌توانن له‌ رێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه‌ درێژه‌ به‌ خوێندن بده‌ن
کوردستان TV
100%

زانكۆی كاسۆلیكی لە هەولێر "CUE" ئامادكارییه‌كانی بۆ خوێندنی ئۆنلاین بۆ ساڵی 2019 - 2020 ته‌واو كردووه‌ و دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی ره‌زامه‌ندی فه‌رمی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا، قوتابیانی ئه‌و زانكۆیه‌ ده‌توانن له‌ رێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه‌ درێژه‌ به‌ خوێندن بده‌ن.

بەشار مه‌تی وەردە، دامەزرێنەری ئه‌و زانكۆیه‌ و هاوكات سەرۆكی ئەساقیفەی ئیباریشیەی هەولێری كلدانیی كاسۆلیكی لە تویتێكدا راگەیاند، زانكۆكه‌یان هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ته‌واو كردووه‌ و داواشی لە فێرخوازان كرد، پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەكان بن و گرنگی بە خۆپارێزی بدەن، بەتایبەتیش شووشتن و تەعقیمكردنی دەستەكانیان، بۆ ئەوەی لە كەشوهەوایەكی تەندروستدا، دەست بە خوێندنەكەیان بكەن.

هاوكات دكتۆر سەباح ئەلمالح، سەرۆكی زانكۆی كاسۆلیكی لە هەولێر دووپاتی كردەوە، هەموو ئامادەكارییە تەكنیكییەكانیان تەواوكردون، ئه‌مه‌ش ژینگەیەكی گریمانەیی خوێندن بۆ فێرخوازانی CUE دەڕەخسێنێ و دەتوانن لە میانەیدا زانست و زانیارییەكانیان لە رێگەی تۆڕی ئینتەرنێتەوە به‌ده‌ست بهێنن، هاوكات لە ژینگەیەكی تەندروستیش بن و پارێزگاری لە دووریی كۆمەڵایەتی بكەن، ئەویش بەهۆی ئەو دۆخە نەخوازراو و خۆپارێزییەی بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا "COVID-19"ـه‌وه‌ دروست بووە.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، زانكۆی كاسۆلیكی سوورە لەسەر پاراستنی سەلامەتیی فێرخوازان و ئایندەی زانستیشیان لەبەرچاو دەگرێت، پابەندیشە بە هەموو رێنماییە خۆپارێزییەكانی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی تەندروستی.

سەرۆكی زانكۆی كاسۆلیكی لە هەولێر ئاماژەی بەوە كرد،  CUE لە یەكەمینی زانكۆكانە لە عێراق و هەرێم كە ئامادەكارییەكانی تەواو كردووە بۆ درێژەدان بە خوێندن لە رێگای ئینتەرنێته‌وه‌، بەپێی مەرج و رێنماییەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێم، بەمەش جەخت لەسەر پێشەنگایەتی خوێندنی باڵا لە هەرێم دەكاتەوە، لەژێر ڕۆشنایی ڕێنماییەكانی وەزارەت لە چەندین ڕووەوە. بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا لە پەیوەندیدایە و بەپێی ڕێنماییەكان پێشكەشی كردوون و چاوەڕێی رەزامەندیی فەرمییە، بۆ ئەوەی دەست بەم هەنگاوە بكات.

گوتیشی: CUE لە رێگه‌ی لاپەڕە فەرمییەكانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانییەوە، هەڵمەتێكی هۆشیاریی فراوانی دەست پێ كردووە، بۆ بەشداریكردن لەم هەوڵە نایابەی حكومەتی هەرێم خستوویەتییە گەڕ، بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی تەندروستی و چۆنیه‌تی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و زانین له‌ باره‌ی گواستنەوەی ڤایرۆسەكە و چۆنییەتی خۆپاراستن لێی، ئەمەش كاردانەوەیەكی باشی هەبووە.

جێی باسە، زانكۆی كاسۆلیكی لە هەولێر، ئەندامی كیانی جیهانییە بۆ دامەزراوەكانی خوێندنی كاسۆلیكی، دامەزراوەیەكی قازانج نەویستی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییە، بڕوانامە لە بوارەكانی: كار، زانستە پەروەردەییەكان، ئەندازیاری، تەكنۆلۆژیای زانیاری، زانستە پزیشكی و تەندروستییەكان و زانستە مرۆیی و كۆمەڵایەتییەكان دەبەخشێت، لە هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كورستان و حكومەتی فیدراڵی دانی پێدا نراوە. لەم زانكۆیەدا فێرخوازانی پێكهاتە جیاوازەكانی عێراق لەڕووی نەتەوەیی و ئایینی هەن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.