له به‌یاننامه‌یه‌كدا وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له يادى 32 ساڵه‌ی شاڵاوه‌كانی ئه‌نفالدا دووپاتی ده‌كاته‌وه، هه‌رچه‌نده ئه‌مساڵ به‌هۆی رێكاره‌كانى خۆپارێزى له ڤایرۆسى كۆرۆنا نه‌توانرا یادى ٣٢ ساڵه‌ى شاڵاوه‌كانى ئه‌نفال بكرێته‌وه، به‌ڵام كار و هه‌وڵه‌كان به‌شێوازى دیكه به‌رده‌وامن بۆ زیندوو راگرتنی یادی شەهیدان و ئەنفاڵکراوان و بەنێودەوڵەتیکردنی تاوانه‌كانی رژێمی پێشوو ده‌رهه‌ق به گه‌لی كورد و داواش له حكومه‌تی عێراق ده‌كات، كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان قه‌ره‌بوو بكاته‌وه.
ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان:
كه‌س و كاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدانی ئه‌نفال.
۳۲ ساڵ لەمەوبەر له چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی له‌ناوبردن و سڕینەوەی گه‌لی كوردستان رژێمی لەناوچووی بەعس به هەشت قوناغ تاوانی ئه‌نفالی ئه‌نجامدا.
شاڵاوەکانی ئەنفال زۆربەی ناوچه‌كانی كوردستانی باشووری گرته‌وه و بەو هۆیەشەوە زیاتر له ٤ هه‌زار و 500 گوند و شارۆچكه وێرانكران و سەروەت و سامانیان تاڵانکرا و 182 هه‌زار هاووڵاتی سفیل و بێتاوانی کوردستان راپێچی مه‌رگی بەکۆمەڵ کران و لە بیابانەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق زیندەبەچاڵ کران، كه تا ئێستا گۆڕی زۆرینەیان وونە.
رژێمی بەعسی رەفتار فاشیست پیلانی دانابوو دوابەدوای وێرانکردنی گوندەکان و ئەنفالکردنی خەڵکەکە و کۆکردنەوەی هاووڵاتیان لە شارەکاندا، دوا گورزی خۆی بوەشێنێت و کۆتایی بە گەلی کورد لە کوردستانی باشوور و شۆڕشەکەی بهێنێت، بەڵام خۆڕاگری خەڵکی کوردستان و هێزی پێشمەرگە ئەو خه‌ونه‌ى دوژمنانیان لەگۆڕنا و لەدوای 3 ساڵ لە تاوانەکانی ئەنفال لە ساڵی 1991 خەڵکی کوردستان راپەڕی و بۆ هەمیشە رژێمی بەعسیان لەسەر خاکی کوردستان وەدەرنا.
پاش روخانى دەسەڵاتی ديكتاتۆری بەعس
لە عێراق لە ساڵی 2003 ـه‌وە هەوڵەکان بۆ سۆراغكردن و دۆزینە گۆڕی قوربانیانى ئەنفال بەردەوام بووە و لەو چوارچێوەیەدا وەزارەتمان لە چەند قۆناغێکدا دوای دۆزینەوە و هەڵدانەوەی 60 گۆڕى ئەنفالەکان روفاتی 3 هه‌زار و 737 شەهیدی گەڕاندووەتەوە بۆ کوردستان، لەئێستاشدا 3 گۆڕی بەکۆمەڵی دیكه لە بیابانەکانی سەماوە دۆزراونەتەوە و و لە هەڵدانەوەى گۆڕێکیاندا روفاتى 171 شه‌هید له پزیشكی دادی به‌غدا پشتڕاست كراونه‌ته‌وه و دواى ته‌واوكردنی رێوشوێنه پزیشکییەکان وه‌زاره‌تمان ئاماده‌كارى پێویستى كرد بۆ هێنانه‌وه‌ی روفاتهكانى ئه‌و گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه، به‌ڵام به‌داخه‌وه به‌هۆی بڵاوبوونەوەی په‌تای كۆرۆنا نه‌توانرا ئه‌م پرۆسه‌یه لەکاتی خۆیدا ئه‌نجامبدرێت و له‌گه‌ڵ ئاساییبوونه‌وه‌ی بارودۆخەکە روفاتەکان به‌پێى رێوشوێنى تایبه‌ت و رێكاره یاسایانهكان دەگەڕێندرێنهوه و به‌خاكى كوردستان ده‌سپێردرێن.
لە یادی 32 ساڵەی ئەنفالدا جەخت دەکەینەوە، شاڵاوه‌كانى ئه‌نفال به هه‌موو پێوه‌ره نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و له چوارچێوه‌ی ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی كه دوای رژێمی له‌ناوچوو به‌رده‌ست كه‌وتوون، تاوانی جینوسایده و به ئامانجی کۆمەڵكوژی و له‌ناوبردنی گه‌لی كوردستان ئه‌نجامدراون، ههروەك چۆن دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراق له بڕیاره‌كه‌یدا به تاوانی جینوساید و تاوانى دژى مرۆڤایه‌تى و تاوانى جه‌نگ ناساندوویێتی.
بۆیه داواكارین کۆمەڵگای نێوده‌وله‌تى له سەر بنه‌ماى ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه و بڕیارى دادگا ئه‌م كه‌یسه له‌سه‌ر ئاستی جیهان به جینۆساید بناسێنن و وه‌ك كه‌یسێكی نێوده‌وڵه‌تی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكەن.
هه‌روه‌ها داوا له حكومه‌تی عێراقى فیدراڵ ده‌كه‌ین، پشت به‌ست به بڕیاره‌كانی دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراق و ده‌قی مادده‌ی (132)ى ده‌ستوری عێراق و بریارى ژماره (26)ى ساڵى 2018 ى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق قه‌ره‌بووی شایسته‌ی قوربانیانی ئه‌نفال بكاته‌وه و چیدى ئه‌م پرسه پشتگوێ نه‌خات.
هەر لەم یادەدا کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانی ئەنفال دڵنیا دەکەینەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراون بە هەموو توانایێكەوە بەردەوام دەبن لە خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و دۆزینەوەی روفاتی ئەنفالەکان و گەڕاندەنەوەیان بۆ کوردستان .
هه‌رچه‌نده ئه‌مساڵ له‌به‌ر رێكاره‌كانى خۆپارێزى له ڤایرۆسى كۆرۆنا نه‌توانرا یادى 32 ساڵه‌ى شاڵاوه‌كانى ئه‌نفال بكرێته‌وه، به‌ڵام كار و هه‌وڵه‌كان به‌شێوازى دیكه به‌رده‌وامن بۆ زیندوو راگرتنی یادی شەهیدان و ئەنفاڵکراوان و بەنێودەوڵەتیکردنی تاوانه‌كانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه و جینوسایدی بارزانییه‌كان و كوردانی فه‌یلی و ئێزیدیه‌كان تا له سه‌رده‌مى ئێستادا تاوانی هاوشێوه دوباره نه‌بێته‌وه.
نەمری بۆ شەهیدانی ئەنفال و سەرجەم شەهیدانی کوردستان
سەربەرزی بۆ کەسوکاریان
خوداى گه‌ورە كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌ى پارێزراو بكات
وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.