ڤایرۆسی كۆرۆنا چەندە زیانی بە مرۆڤایەتی گەیاند، بە جۆرێك ترس و دڵە راوكێی لە ناخی هەر یەكێكمان درووستكردوە چەندان هەزار كەسیش بە هۆیەی ئەم ڤایرۆسەوە مردوون، لەلایەكی تریشەوە چەندین سودی گرنگیشی هەیە كە دڕكمان پێی نەكردووە.
لەوانەش كۆرۆنا فێرمانی كرد زیاتر گرنگی بە تەندروستی و پاك و خاوێنی خۆمان و دەوروبەربدەین. فێری كردین تەندروستی خۆمان و خێزانمان گرنگترین سامانمانە، سەروەت و سامانێك كە مەرج نییە بە پارە بكڕدرێت.
كۆرۆنا فێری خۆ پارێزی كردین، پابەندی رێنماییەكانی كردین تا لە ئازیزانمان دانەبڕێین.
لە لای من لە هەمووی گرنگ تر ئەوەیە كە بەجۆرێك ئاشنایەتی لە نێوان تاكەكانی خێزان درووست كرد هەست و سۆزمانی بەرامبەر بە ئازیزەكانمان زیاد كرد بەهۆی ترسی لە دەست دانیان.
كۆرۆنا، خێزانەكانی كۆكردنەوەو لە كەسە زیادەكانی دوورخستینەوە، نیشانی داین خێزان چەند گرنگە ئێمە نابێ دوای كۆرۆناش ئەمە پشت گوێ بخەین كەسە نزیكەكانمان با زیاتر لێمانەوە نزیك بن، بەڵام كەسە زیادەكان با لە خۆمانیان نزیك نەكەینەوە بە جۆرێك بیان خەینە لاوە تا كاریگەری هیچ كەسێكمان بەسەرەوە نەبێ تا لەو ڕێیەوە شیرازەی خێزانمان تێك نەچێ.
خۆزگە هەموومان دەمان توانی دڕك بەو راستیە بكەین كە نزیك بوونمان لە ئازیزانمان هەڵێكەو دووبارە نابێتەوە، چونكە مرۆڤ نازانێ دەرفەتی بەیەكەوە بوونمان لەگەڵ ئازیزانمان چەندە كورتە كەسمان ئەوەی ترمان فەرامۆش نەدەكرد.
وا بیر دەكەنەوە ئەو رۆژانەی كەرەنتینین و دەرگامان لەسەر خۆمان و خێزانمان داخستووە و چ چێژێكی تایبەتی هەیە هەموو كات و ساتمان بەیەكەوەیەو خەندەو خۆشییەكان لەگەڵ یەك بەش ئەكەین، نەك بەشێوەیەكی نەرێنیانە بیر كەینەوە ترس و تۆقان بخەینە مێشكمان وابیر كەینەوە كە لە زیندان داین دەرفەتی دەرچوونمان نییە، دایمە بەدوای كێشە نانەوە بین و هەموو ئەو كاتانەی لەگەڵ یەكترین بە شەڕنانەوە بەسەری ببەین. ماڵ بۆ دەبێ زیندانی بێت؟ مرۆڤ ئەوەندەی لە ماڵی خۆی ئاسوودەیە لە هیچ كوێیەكی ئەم دنیایە ئاسودە نابێ، بۆ دەبێ دڕك بەو راستیە نەكەین بڵێین كۆرۆنا هاوڕێ خەراپەكانی لێ دوور خستینەوە، بە جۆرێك ماڵ باوەشی بۆ خێزانەكان واڵا كردووە هاوسەرەكان لە نزیكی یەكن كە بیر لە خیانەتی هاوسەری نەكەنەوە، گەنجەكانمان كاتی شەوانەیان لە شوێنە خراپەكان بە فیڕۆ نادەن، وای لێهاتووە بەجۆرێك كاتمان هەیە دەتوانین بۆ ماڵ و منداڵمان تەرخان بكەین لە خەمی ئەوە داین كە پاراستنی ئەوان لە سەرووی هەموو شتێكە، دەبێ دڕك بەو راستیە بكەین كۆرۆنا نیشانی داین كە گرنگی خێزان هەموو شتێكە".
ن / هێرۆ عەبدولڕەحمان
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.