راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق، مستەفا كازمی رایگەیاند كە پێكهێنانی كابینەی حكوومەتەكەی تەواوكردووە.
مستەفا كازمی لە میانی دیدارێكی لەگەڵ ژمارەیەك نووسەر و راگەیەندنكاردا لە بەغدا ئاشكرای كرد كە دوای هەفتەیەك لە راسپاردنی بۆ پێكهێنانی كابینەی حكوومەتەكەی تەواوكردووە و لەئێستادا لە گفتوگۆدایە لەگەڵ لایەنەكان بۆ ئەوەی رەزامەندی لەسەر کابینەی حکوومەتەکەی نیشان بدەن تا لە ئەنجوومەنی نوێنەران متمانەی ببەخشرێت.
ئاماژەی بەوەیشكرد كە كاری لەپێشنەی ئەوەیە، دانوستانی جددی لەگەڵ ئەمریكا سەبارەت بە بوونی سەربازی لە عێراق ئەنجام بدات و گوتی:
عێراق گۆڕەپانێك نییە بۆ یەكلاییكردنەوەی حیسابات.
راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق، مستەفا كازمی گوتیشی: هەر لە چوارچێوەی كاری لەپێشنەمدا، هەوڵدەدەم گفتوگۆیەكی نیشتمانی راستەقینە لەنێوان سەرجەم پێكهاتەكانی عێراق سازبكەم كە ماوەی ساڵانێكی زۆرە بوونی نییە ئەوەیش بە ئامانجی ئەوەی دیدێكی نیشتمانی دروست بكەین تا لە میانیدا بتوانین دامەزراوەكانی دەوڵەت بنیات بنێینەوە.
مستەفا كازمی ئەوەشی گوت هیچ بژاردەیەك لە بەردەماندا نییە، جگە لە پڕۆژەیەكی نیشتمانی عێراقی گشتگیر كە دوور بێت لە رەگەزپەرستی و مەزەهەبی.
رۆژی نۆی نیسان، سەركۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح سەرۆكی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی، مستەفا كازمی بۆ پێكھێنانی حكوومەتی نوێ راسپارد.
راسپاردنی مستەفا كازمی دوای ئەوە هات کە عەدنان زورفی رۆژی ١٦ی ئاداری رابردوو لەلایەن بەرهەم ساڵح-ەوە بۆ پێكهێنانی كابینەی حكوومەت راسپێردرابوو، رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردووش كشانەوەی خۆی راگەیاند.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.