قائیمقامی سلێمانی: ئەگەر دۆخەكە لە باربێت هەفتەی داهاتوو رێگە بەكردنەوەی بەشێكی تر لە دوكان و بازاڕەكانی سلێمانی دەدەین
ئەمڕۆ پێنج شەممە 16 نیسانی 2020, لە دیوانی قائیمقامیەت, ئاوات محەمەد قائیمقامی قەزای ناوەندی سلێمانی لەگەڵ نوێنەری بەشێك لە كاسبكارانی نێو بازاڕی شاری سلێمانی كۆبووەوە كەداوایان كرد رێگەبەكردنەوەی دووكانەكانیان بدرێت.
لە بارەی داواكاری كاسبكاران قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند: بەپێی پێویستی قۆناغەكەو رەوینەوەی مەترسیەكان هەنگاو بەهەنگاو كاردەكەن بۆ ئاسایی بوونەوەی ژیان و كردنەوەی بەشێكی تر لە دووكان و بازاڕەكانی سلێمانی، بەڵام ئەوەش بەپێی كۆمەڵێك رێكار و رێوشوێنی خۆپارێزی دەبێت كە تێیدا مەترسی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئاستێكی باڵادا لەبەرچاو دەگیرێت.
ئاوات محەمەد ووتیشی: نیگەرانین بەهۆی بڵابونەوەی كۆرۆنا و قەدەغەی هاتووچۆ زۆربەی كاسبكاران و پیشەوەران كارەكانیان لە دەستداوە و رووبەڕووی رەوشوێكی دژوار بونەتەوە , رەچاوی ئەو رەوشە دژوارە دەكەن كە خەڵك رووبەڕووی بووەتەوە, بەڵام لە ئێستادا چاوەڕوانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم دەكەن رێوشوێنی نوێ بڵاوبكاتەوە و كارئاسانی بۆ كاسبكاران و بەگشتی هاوڵاتیان بكات.
ئاماژە بۆ ئەوەشكرد: كۆمەڵێك پێشنیار و راسپاردەیان ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ كردوە بۆ كردنەوەی شویًنەكان، بە مەرجی پابەند بوون بە رێنماییە تەندروستییەكان.
ئاوات محەمەد راشیگەیاند: هێشتا هەرێمی كوردستان لە بازنەی مەترسی كۆرۆنادایەو ئەگەر رەوشەكە لەباربێت و مەترسی زیاتر بڵابونەوەی ڤایرۆسەكە نەكرێت, هەفتەی داهاتوو بەپێی چەند مەرج و رێنماییەك رێگە بەكردنەوەی مەرجداری بەشێكی تر لە دوكان و بازاڕەكانی سلێمانی دەدرێت , بەڵام ئەوەش لەژێر چاودێریەكی چڕدا دەبێت و پێویستە كاسبكاران پابەندی هەموو رێكار و رێنماییە تەندروستیەكان بن, ووتیشی: هەموو ئەو شوێنانەی كە رێگە بەكردنەوەیان دەدرێت ئەگەر هۆكاربن بۆ كۆبوونەوە و تێكەڵاوبوون و بەریەككەوتنی هاوڵاتیان و پابەندی رێنماییە تەندروستیەكان نەبن شوێنەكانیان دادەخرێت و رووبەڕووی سزایی توندی یاسایی دەكرێنەوە,
ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی راشیگەیاند: بۆ رێگەدان بە كردنەوەی ئەو شوێنانە و گرتنەبەری رێوشوێنی نوێ چاوەڕێی رێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆن و ئەگەر رەوشەكە لەباربێت هەفتەی داهاتوو بڕیار لە كردنەوەی بەشێكی تر لە دووكان و بازڕەكانی سلێمانی دەدەن.
راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.