شایان سەعیدپوور، کە بهندكراوێكی كورده و سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، دوای هەڵاتن لەبەندیخانەی سەقز و سەر لەنوێ دەستبەسەر کرانی مەترسی ئەوەی لەسەرە سزاکەی جێبەجێ بکرێت.
بەپێی ڕاپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شایان سەعیدپوور، خەڵکی سەقز کە لەتەمەنی مێرمنداڵی تووشی تاوان بووە و سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، دوای هەڵاتن لەبەندیخانەی سەقز و سەر لەنوێ دەستبەسەر کرانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە و مەترسی جێبەجێ کردنی سزاکەی لە ئارادایە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەنگاوی راگەیاندووه ، شایان سەعیدپوور، هاوڕێ لەگەڵ چەند بەندکراوی دیکەی بەندیخانەی سەقز کە دەستبەسەر کراونەتەوە گوازراونەتەوە بۆ بەندیخانەی سنە و شایان ئەمڕۆ گوازراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی و بڕیارە رۆژی سێشەممە 21ی نیسانی 2020، سزاکەی جێبەجێ بکرێت.
یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی سەعیدپووڕ، رایگهیاندووه، کە بڕیارە کاتژمێر چواری بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە سزای سێدارەی شایان جێبەجێ بکرێت.
شایان سەعیدپوور، لە 16ی ئابی 2015، لە کاتێکدا تەمەنی نەگهیشتبووە 18 ساڵ هاوڵاتییەکی دیکەی خەڵکی سەقزی بە ناوی سلێمان ئازادی، کوشتووە و لەوکاتەوە لە بەندیخانە راگیراو.
ناوبراو ڕۆژی سێشەممە 23ی تشرینی یهكهمی 2018، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای تاوانەکانی پارێزگای سنەوە بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا و ئەو سزایە مانگی ڕێبەندانی هەمان ساڵ لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە پشتڕاست کرایەوە.
شتیان لە کاتی راپەڕینی بەندکراوانی بەندیخانەی سەقز 74 بەندکراو توانیان هەڵبێن، شایان سەعید پوور و شۆڕش موروەتی دوو لەو بەندکراوانە بوون کە توانیان هەڵبێن و رۆژی یەکشەممە 5ی نیسانی 2020، 10 رۆژ دوای هەڵاتن لە بەندیخانە، لە گوندی سەبەتلووی شاری بانە دەستبەسەر کرانەوە.
مستەفا سەلیمی، یەکێکی دیکە لەو بەندکراوانە بوو کە دوای ئەوەی دەستبەسەر کرایەوە، رۆژی شەممە 11ی نیسان لە بەندیخانەی سەقز لەسێدارە درا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.