مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە بۆنەی (27)ـەمین ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری (گوڵان)، پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستهی سەرنووسەر و كادیر و كارمەندانی كرد ئهمه دهقهكهیهتی:
ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەكەیە:
بەڕێزان/ سەرنووسەر و كادیر و كارمەندانی گۆڤاری گوڵان.
ئەمڕۆ گۆڤاری (گوڵان) پێدەنێتە ساڵێكی نوێی تەمەنی، بەو بۆنەیەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوە و نووسەران و خوێنەرانی گۆڤارە ئازیزەكەتان دەكەین، ئومێدەوارین دوای رەتدانی ئەو قۆناغە و كۆتاییهاتنی پەتای كۆرۆنا، بە هەمان گیانی پیشەوەرانە و بەرپرسانە بەردەوام بن و، بۆ ساڵی داهاتوو زیاتر پەرە بە پلان و كاروبارەكانتان بدەن.
گۆڤاری(گوڵان) بە درێژایی كاری رۆژنامەوانی، هەردەم رەچاوی بەرنامەیەكی رێكوپێك و تایبەت بە خۆی كاری كردووە بۆ خزمەتكردنی كایەكانی رۆژنامەگەری و رۆشنبیری، كە ئەمەش دەسكەوتێكی دیكەیە بۆ رەوتی رۆژنامەگەریی كوردیمان، لەو بوارەشدا جێدەستی دیارە لەسەر گۆڕەپان و لە نێو كاروانی رۆژنامەوانی و كاری میدیاییدا.
(گوڵان) وەك هەفتەنامەیەكی دیار و بەرچاو خاوەن تایبەتمەندییەكەی خۆیەتی و لەو رووەوەش توانیویەتی ژمارەیەكی یەكجار زۆری تۆژەر و نووسەر و ئەكادیمی ناسراوی عەرەبی و بیانی و جیهانی لەو گۆڤارە كۆبكاتەوە، هەروەها لە رووی ئیتیكی پیشەوەرانەوە گۆڤاری (گوڵان) پەیڕەوی رەوتێكی راست و دروستی كردووە و بە گیانی دیالۆگ و رەخنەگرانەوە خزمەتی دۆزی رەوای گەلەكەمان و پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكانی كردووە.
جارێكی دیكە بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی و پشتیوانیی خۆمان بۆ سەرخستن و بەردەوامی و زیاتر پێشخستنی گۆڤاری (گوڵان) دووپات دەكەینەوە و، جەختیش دەكەینەوە لەسەر ئەوەی كار و ئەركی رۆژنامەوان و رۆشنبیران پاڵپشتی و داكۆكیكردنە لە كێشە ڕەواكانی گەلەكەمان و گەیشتنی بە مافەكانی.
مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
21/4/2020
دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە بۆنەی (27)ـەمین ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری (گوڵان)، پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاو كردەوە. ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:
ھەڤاڵی بەڕێز/ فەرهاد محەمەد، سەرنووسەری گۆڤاری گوڵان
بەڕێزان/ ھەڤاڵانی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و كادیر و كارمەندانی گۆڤاری (گوڵان)
ئەمڕۆ بیست و حەوتەمین ساڵیادی دەرچوونی یەكەمین ژمارەی گۆڤاری (گوڵان) دەكەینەوە، دەرچوواندنی ئەو گۆڤارە دەستكەوتێكی دیكەی بواری رۆژنامەگەریی كوردیمان و ئەزموونێكی گرنگ و تازەی هێنایە ئاراوە و سەلماندی، كە تایبەتەمەندیی خۆی هەیە لە خزمەتگەیاندن بە بواری رۆشنبیری و مەعریفیمان و لە خستنەڕوو و گەیاندنی پەیامی رەوای ئەزموونەكەمان بە دەوروبەر و جیهان.
گۆڤاری (گوڵان) لەو ماوەی كاركردن و تەمەنی دەرچوونی ژمارەكانی بە رێكوپێكی و لە وادەی خۆیدا بە گوێرەی پلان و بەرنامەیەكی سەركەوتووانە توانیویەتی جێگەی شیاو و شایستەی خۆی لەسەر پانتایی كاری رۆژنامەگەریی بگرێ، بۆیە هەردەم نموونەیەكی نوێی كاری پیشەوەرانەی میدیاییە.
گۆڤاری (گوڵان) سەلماندوویەتی، كە خودان مۆركی كوولتورێكی رەسەن و نەتەوایەتییە، هەروەها بنەماكانی كاری رۆژنامەوانی لە رووی راستگۆییەوە ئەرێیانە پیادە دەكات.
بەو بۆنەیەوە پیرۆزباییەكی گەرم لە ئێوە و نووسەر و خوێنەرانی بەڕێزی گۆڤارەكەتان دەكەین و، دەستی هەوڵ و ماندووبونتان دەگوشین، پشتیوانیی خۆمان بۆ پێشكەوتن و بەردەوامبوونی (گوڵان) دووپات دەكەینەوە و ئومێدەوارین پاش تێپەڕاندنی ئەم قۆناغەی خۆپارێزی و كۆتایی هێنان بە پەتای كۆرۆنا، بە هەمان گیانی لەخۆبوردوویی و دڵسۆزانەتان بەردەوام بن لە ئەرك و خزمەت و لە گشت روویەكەوە بەرەوپێش بچن. ھەر سەركەوتوو بن.
دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان
21/4/2020
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.