Erbil 38°C پێنجشەممە 19 شوبات 10:07

سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان له‌ یادى ڕۆژنامه‌گه‌ریى کوردیدا په‌یامێکی بڵاوکرده‌وه‌

پیرۆزباییەكی گەرم لە سەرجەم ڕۆژنامەنووسانی كوردستان دەكەم
کوردستان TV
#7
100%


سەرۆكی هەرێمی كوردستان ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی كوردی و دەرچوونی یەكەم ژمارەی ڕۆژنامەی كوردستان په‌یامێكی پیرۆزبایی بڵاوكرده‌وه‌، ده‌ڵێت: لەم یادەدا وەك هەمیشە پشتیوانیی خۆمان بۆ ڕۆژنامەنووسان و ئازادیی كاری ڕۆژنامەگەری دووپات دەكەینەوە.

بە بۆنەی سەد و بیست و دووەمین ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی كوردی و دەرچوونی یەكەم ژمارەی ڕۆژنامەی كوردستان ـ ی میر میقداد بەدرخانی ڕه‌وانشاده‌وه‌ كە هاوكاتە لەگەڵ بیست و دووەمین ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، پیرۆزباییەكی گەرم لە سەرجەم ڕۆژنامەنووسانی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتن و پێشكەوتن بۆ سەرجەم ڕۆژنامەنووسان و سەندیكاكەیان دەخوازم.

ئەم ساڵ كە ئەو یادە دەكەینەوە، كوردستان و جیهان لەبەردەم هەڕەشەی پەتای كۆرۆنا و دۆخێكی نالەباردایە، ڕۆڵی ڕۆژنامەنووسان و میدیاكاران لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی تەندروستی و خۆپارێزی لەو پەتایە و هاندانی هاووڵاتیان بۆ پابەندی بە ڕێنمایییەكانه‌وه‌، ڕۆڵێكی كاریگەر و بەرچاو بوو، بە ڕێزەوە دەینرخێنین، ئومێدەوارین هەرچی زووترە ئەو بەڵایە لە یەخەی مرۆڤایەتی ببێتەوە و ژیان لە كوردستان و جیهان ئاسایی بێتەوە.

لەم یادەدا وەك هەمیشە پشتیوانیی خۆمان بۆ ڕۆژنامەنووسان و ئازادیی كاری ڕۆژنامەگەری دووپات دەكەینەوە، لە ڕۆژنامەنووسانیش چاوەڕوانین هەمووان بەرپرسیارانە و پیشەیییانە، مامەڵە لەگەڵ پرس و بابەتەكان بكەن، هەمیشە ئەو بڵندگۆیە بن كە هۆشیاری و زانیاریی ڕاست و دروست و هاوسەنگ دەگوازنەوە و پاراستنی ئاشتەواییی كۆمەڵایەتی و سه‌قامگیریى سیاسی و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل و وڵاتەكەیان لەبەرچاو دەگرن.

سڵاو لە یادی ڕۆژنامەنووسانی شەهید و ئەو ڕۆژنامەنووسە پێشەنگانەی ژیانی خۆیان بۆ گەیاندنی ڕاستی و پێشخستنی ڕۆژنامه‌گەریی كوردستان تەرخان كرد.

پیرۆزبایی لە سەرجەم ڕۆژنامەنووسان دەكەم، هیوادارم ساڵی داهاتوو لە دۆخێكی لەبار و ئاسوودەدا یادی ئەم ڕۆژە و بۆنەكانی دیكە بكەینەوە.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

21/4/2020

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.