Erbil 38°C سێشەممە 24 شوبات 05:59

رێوشوێنی دیکە بۆ دووبارە بەدیهێنانی سەقامگیری لە بازاڕەکانی نەوت دەگیرێتەبەر

وەزیری نەوتی عێراق: له‌و باوه‌ره‌داین رێوشوێنی دیكە بۆ دووبارە بەدیهێنانی هاوسەنگی بگیرێتەبەر
کوردستان TV
100%

وەزیری نەوتی عێراق، سامر غەزبان رایگەیاند، لەوباوەڕەدان کە رێوشوێنی دیكە بۆ دووبارە بەدیهێنانی هاوسەنگی لەنێوان خواست و خستنەڕووی نەوت لە بازاڕەكاندا، بگیرێتەبەر.

ئەوەیش لە كاتێكدایە كە نرخی خاوی برێنت لە ساڵی ١٩٩٨وە نزمترین ئاستی تۆماركردووە و هەر بەرمیلێكی گەیشتووەتە ١٦ دۆلار و شەش سەنت.

سامر غەزبان لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد، ئەگەری هەیە رێوشوێنی دیكە لەلایەن وەزیرانی نەوت و وزەوە بگیرێتەبەر، بەڵام ئەوە پەیوەست دەبێت بە پێشهاتەكانی رەوشی بازاڕەكانی جیهان، هەروەها پابەندبوونی ئۆپێك و بەرهەمهێنەرانی سەربەخۆ بە رێككەوتنی كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان.

دوێنێ‌ سێشەممە ئۆپێك و بەرهەمهێنەرانی سەربەخۆ بۆ تاوتوێكردنی پێشهاتەكانی بازاڕی نەوت كۆبوونەوە كە هەریەك لە وەزیرانی نەوت و وزە لە جەزائر، نێجیریا، ڤیێنزوێلا، كازاخستان، ئازەربایجان، عێراق و ئەمنیداری گشتی رێكخراوی ئۆپێك ئامادەیبوون.

وەزیری نەوتی عێراق، سامر غەزبان سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە ئاماژەی بەوەدا كە لە میانی كۆبوونەوەكەدا ، ئامادەبووان لەسەر چڕكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئۆپێك و بەرهەمهێنەرانی سەربەخۆ رێككەوتن ئەوەیش بە ئامانجی بەدواداچوون بۆ ئەو گۆڕانكارییانەی كە لە بازاڕەكانی نەوتدا دێنە ئاراوە.

باسی لەوەش كرد كە هەر لە میانی كۆبوونەوەكەدا، لێكەوتە و هۆكارەكانی دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی ئەمریكا و كاریگەری ئەو پرسە لەسەر بازاڕەكانی جیهان خراوەتەڕوو.

لە ١٢ی ئەم مانگەدا، ئۆپێك و بەرهەمهێنەرانی سەربەخۆ لەسەر كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بە ١٠ ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا رێككەوتوون.

لە چوارچێوەی رێككەوتنەكەدا، وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێك، نۆ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا كەم دەكەنەوە.

هەر لە چوارچێوەی رێككەوتنەکەدا، عێراق لە سەرەتای مانگی ئایارەوە تا مانگی حوەزەیرانی داهاتوو، یەك ملیۆن و ٦١ هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا كەم دەكاتەوە.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.