پەیامی ( لقی11)ـی پارتی دیموكراتی كوردستان لە یادی كارەسات و ڕاپەڕینی ( 24/4/1974 و 24/4/1982) دا - جەماوەری كوردپەروەر و شۆڕشگێڕِی كوردستان . - پشدەری مەكۆی كوردایەتی .
بنەماڵە و كەس و كاری سەربەرزی شەهیدان . ( 46 ) ساڵ لەمەوبەر لە ( 24/4/1974 ) ڕژێمی بەعسی فاشی بە چەكی ناپاڵمی قەدەغەكراوی نێودەوڵەتی شاری قەڵادزێ و زانكۆ تاقانەكەی كوردستانی خەڵتانی خوێن كرد ، لە ئەنجامی بۆمبارانی فڕۆكە مەرگ هێنەكانی ڕژێم ( 163 ) هاوڵاتی شەهید بوون كە لەناویاندا ( 20 ) یان قوتابی زانكۆ بوون ، هەروەها بووە هۆی برینداربوونی زیاتر لە ( 200 ) هاوڵاتی و بە دەیان خانوو دوكان لەگەڵ زەوی تەخت بوون .
كارەساتەكە هێندە گەورە بوو بوە جێگای بایەخی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامە بەناوبانگەكانی جیهان ، وە لەلایەن سەرۆك و باوكی ڕوحی نەتەوەییمان ( بارزانــی نەمــر ) ئەم ڕۆژە بە ڕۆژی ( ماتەمینی گەلی كوردستان ) ناوزەدكرا .
لە ساڵی ( 1982 ) یادی كارەساتی قەڵادزێ بوە خۆپیشاندانێكی جەماوەری بەرفراوان كە تیایدا چەندان شەهید و برینداری لێكەوتەوە و دەیان گەنج و هاوڵاتی و كەسایەتی شارەكە لەلایەن دام و دەزگاكانی بەعسەوە گیران و زیندانی كران ، دواتر ئەم خۆپیشاندانە پەڕینەوە بۆ شار و شارۆچكەكانی تری كوردستان .
بە شانازیەوە ڕێكخستنەكان و جەماوەری پارتیمان ڕۆڵی كارا و بەرچاویان هەبوو لە سازدانی جەماوەری شارەكان بۆ خۆپیشاندان و پێشەنگی خۆپیشاندەران بوون .
لەدوای ڕاپەڕینیش ساڵانە ئەم یادە بەرز و پیرۆز ڕاگیراوە ، لە پەرلەمانی كوردستان پرۆژەیەك لەلایەن فراكسیۆنی پارتیمانەوە گەڵاڵەكرا و دواتر درایە سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان و , لە كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی حكومەت دا ڕۆژی یەك شەممە ڕێكەوتی ( 10/2/2013 ) بڕیاردرا ( 24/4 ) بكرێتە ڕۆژی ( شەهیدانی زانكۆ ) .
ئەمساڵ لە كاتێك دا ( 46 ) چل و شەشەمین ساڵیادی كارەساتی ( 24/4/1974 ) و , ( 38 ) ساڵەی خۆپیشاندانە جەماوەریەكانی ( 24/4/1982 ) دەكەینەوە , جیهان و كوردستان بەهۆی پەتای كۆرۆناوە لە بارودۆخێكی دژوار و نەخوازراو دان و لەوانەیە نەتوانین لەناو شار و لە گۆڕستانی قەڵادزێی خوێن و خەبات دا ئەم یادە لە مەراسیمێكی جەماوەری شكۆدار دا بەرز ڕابگرین , بەڵام لەو یادە كارەسات ئامێزە دا :- ڕوی دەممان دەكەینە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و , سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگی زیاتر بەو دەڤەرە بدەن ، كە لە ئاستی خۆڕاگری و مێژووی پڕ سەروەری ئەم دەڤەرە بێت ، بەتایبەتی :- • بەنێودەوڵەتی كردنی مەرزی كێلێ . • تەواوكردنی دوو سایدی نێوان ڕانیە و قەڵادزێ . • تەرخانكردنی بودجەیەكی تایبەت و شیاو بۆ ئاوەدانكردنەوەی زیاتری سنورەكەمان . • خزمەتكردنی زیاتری شارەكە و دەڤەرەكە لە بوارە جیاوازەكانی ( زانستی ، ڕۆشنبیری ، هونەری ، كلتوری ، بازرگانی ، فەرهەنگی ... هتد ) . • لە چوارچێوەی مادەیەك بەناوی جینۆساید و ئەنفالی كوردستان ( 24/4/1974 ) بكرێتە مادەیەكی خوێندن و لە قوتابخانەكاندا بخوێندرێت .
هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی ( 24/4/1974 ) و ( 24/4/1982 ) و تەواوی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری و سەرقافڵە و سەروەری شەهیدان ( بارزانی نەمر و كاكە ئیدریسی هەمیشە لەیاد ) .
پارتی دێموکراتی کوردستان لقی ١١
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.