گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئاساییكردنەوەی دۆخی هەرێمی كوردستان بە قۆناغ دەبێت و دەستپێكردنەوەی دەوامی فەرمانگە و قوتابخانەكانیش دوایین قۆناغ دەبێت.
د. محەمەد قادر رایگەیاند: پێنج رۆژە هیچ حاڵەتێكی تووشبوون بە كۆرۆنا تۆمار نەكراوە و دۆخەكە لە ژێر كۆنتڕۆڵدایە، بەڵام مەترسی هەیە لە هەر كاتێكدا كەسی دیكەی تووشبوو تۆمار بكرێت، بۆیە پێویستە خۆپارێزی بەردەوام بێت.
گوتیشی: ئێمە پێشنیازمان كردووە هەڵگرتنی قەدەغەی هاتوچۆ بەردەوام بێت و ئەگەر هەڵیشگیرێت، قۆناغ بە قۆناغ دەبێت و هاتوچۆ سنووردار دەبێت و جێبەجێكردنی رێنماییەكانیش بەردەوام دەبێت، بەڵام كۆمەڵێك ئاسانكاری دەكرێت.
دەشڵێ: دەستپێكردنەوەی دەوامی قوتابخانە و فەرمانگەكان، كۆتا قۆناغی ئاساییكردنەوەی دۆخەكە دەبێت و ئەگەر دەستیش پێبكاتەوە، بۆ دەوامی فەرمانگەكان دوو سیناریۆ هەیە، ئەوانیش بریتین لەوەی یان جارێ دوابخرێت، یانیش ژمارەیەكی كەمی فەرمانبەر دەوام بكەن.
سەبارەت بە هاتوچۆی نێوان پارێزگاكانیش، د. محەمەد ئەوەی خستە ڕوو: ئێمە لەگەڵ هاتوچۆی زۆر نین و ئەگەر هەشبێت پێویستە سنووردار بكرێت و تەنها بۆ كاری زۆر پێویست بێت.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.