Erbil 38°C پێنجشەممە 09 کانوونی دووەم 16:45

زەمەن و کاراکتەرە کانی  بەختە بارانە

بینەر سۆزی زیاتری هەبوو بۆ مانەوە  لەگەڵ ئەو ئەكتەرە، ئەمە نهێنی سەركەوتنی ئەوە  لە رۆڵەكەی دا
کوردستان TV
100%

 بەشی سێیەم 
 كاراكتەرەكانی  (بەختە بارانە) دابەشی دوو چینی سەرەكی دەبن، چینی سەرمایەدارەكان و چینی هەژارەكانن، یاخود چەوسێنەرو  چەوساوە.

سەرمایەدارەكان خاوەن كۆمپانیاكانن، هەژارەكانیش ئەو حەمباڵ و عەرەبەنچی و خزمەتكارە  گەنجانەی ناو كۆمپانیا و قاوەخانەكانن  بەهەردوو رەگەزەوە،  زۆربەیان وەك كۆیلە وان هەموو شتێ‌ دەكەن لەپێناو پارە لەكوشتن و بڕین و فڕاندن و قاچاغچیەتی، زۆرێك لە وێنەی  ئەواندا لە نێو كۆمەڵگای كوردی دا بوونیان هەیە، بەتایبەت لەنێو چینی لاواندا، بینەر هەست بەوە دەكات چۆن لەئەنجامی بێ‌ كاری و گوزەرانی سەختی ژیان پەنا بۆ هەموو كارێكی شەرعی و نا شەرعی دەبەن بۆ ئەوەی بژین، تەنانەت زۆرێك  لە ئافرەتەكانیش ئامادەی چاوپۆشینن لەشتە پیرۆزەكانی خۆیان  لەپێناو پارەدا..
بەرجەستە كردنی زەمەن واقعێكی تفت و تاڵ نیشان دەدات  لەوەی چۆن ئەو كۆمەڵگایە  لەلایەن دەستەیەك لەبازرگان و مافیاو قاچاخچیەو بەڕێوە دەچێ و  چارەنووسی ژیان و ئایندەی كۆمەڵگایەكیان بە دەستەو بۆ بەرژوەدییە تایبەتیەكانی خۆیانیان قۆرغ دەكەن، ئەو چینە هەژارە چۆن بەكاردێنن بۆ ململانێی یەكترو بەچ  مەنهەجیەتێك پەروەردەیان دەكەن و بەچ ئاراستەیەك فێری تاوان و لادان لە یاساو بەكەم زانینی مرۆڤیان دەبەن.
گەنجەكانی ئەو وڵاتە قوربانی بەخش و زەرەر مەندی یەكەمن لەو زەمەنەدا، ئەوە هندرێنە خاوەن بڕوانامەیە لەحەماڵەكان دەپاڕێتەوە كاری بۆ بدۆزنەوە، ئەوە ئەو گەنجانەی ئایندەن، بوونەتە داردەست بەدەست مریەم خان بۆ ئەوەی كاری قاچاغ چیەتیان پێ‌ بكات، ئەوە  ژنەكەی هندرێنە  بەهۆی بێكارییەوە مل كەچ دەكات بۆ رێشاردی  بازرگان و خواستە قێزەوەنەكانی ،  دەیان نموونەی تر لەوێنای ئەو رۆژگارەو دەرهاوێشتەكانی بەسەر روخاندنی كۆمەڵگا لەرووە مرۆیی و ئەخلاقییەكانیەوە، بەڵام  دەربڕینی  ئەو  گوتارە  كۆمەڵایەتیە سەختە ، ئەوەندە  پەرش و بڵاو كراوەتەوە، وای لێ کراوە  لەڕووی هونەرییەوە، بەها و دەلالاتە فەلسەفییەكانی  خۆی  لەدەست بدات، دەسەڵاتی  دەرهێنەریش بۆ كۆنترۆل كردنی هەموو ئەو تەوەرە لەیەك چووانە لاواز بكات، خۆ ئەگەر دەرهێنەر لەسەر دوو لەو كۆمپانیانە  بوەستایە، خۆی لەو پەرش و بلاَِویە رزگار دەكردو ئامانجەكانی خۆشی  روونتر دەگەیاند.
لەسیناریۆدا هێڵی درامی بۆ رەسم كردنی كەسایەتیەكان داڕێژراون، بەڵام بەفۆرمێكی لاوەكی و رووكەش ، نەدەكرا لەچەند ئەلقەیەكی دەست پێكدا تەواوی كەسایەتیەكان بەو پارچە پارچەیی و روو كەشی و پەلە پەلیە نیشان بدرێن، چونكە دەرفەتێكی ئێجگار زۆر لە بەردەم دەرهێنەردا هەبوون، كە لە ئەلقە سەرەتاییەكاندا، لە كەسایەتیە سەرەكییەكاندا قوڵ بێتەوە، پاشان لەگەڵ تێپەڕبوونی  كات  ئەوانی تریشی هێنابوایە پێشەوە، بۆ ئەوەی ئەو سەر لێ‌ شێواویەی بۆ بینەر دروست نەكردایە كە لەناو ئەو هەموو جەنجاڵیەدا نەتوانێ‌ تێنوویەتی خۆی بۆ ناسینی كاراكتەرەكان بشكێنێ‌.
  زۆرینەی كاراكتەرەكان لێك دەچن و كۆمپانیای بازرگانییان هەیە، كێشەو ئاریشای پیشەكانیان لێكتر نزیكن ، بەڵام  ئەوانیش پێویستیان  بەوە هەبوو كە بەیەك فۆرم دەرنەكەون.
لە درامای (شەهرەزاد) بە هەمان شێوە چەند كۆمپانیایەك هەن كە ركابەری یەكتر دەكەن و دەستیان لە گەڵ سەرانی دەوڵەت تێكەڵ كردووە بۆ یەكتر شكاندن  و یەكتر لە ناوبردن ، بەڵام تەركیزی بنەڕەتی  لە سەر ( بزورگ ئاغا) یە كە بزوێنەری سەرەكی ئەو تەوەرەن و ئەوانی تر رۆڵێكی لاوەكی دەبینن.
هەندێ‌ لە كەسایەتیەكان لە سەر حاڵەتێكی جێگیر نامێننەوە بۆ ئەوەی بینەر سەرنج و تێگەیشتنی خۆی لە سەر بونیات بنێت، بەڵكو هەندێ‌ جار وێنەی دژ بەیەك لەو كەسایەتیانەدا دروست دەبێت ، 
( زوبێر)  كەسێكی بازرگان و بەرژەوەند پەرستە، وەك هەموو بازرگانەكانی تر رێگەی پێچاو پێچ بەكار دێنێ‌  بۆ گەیشتن  بەمەرامەكانی، بەڵام لە لایەکی تردا كەسێكی خوێندەوارە و بیر كراوەیە، كەسێكی خاوەن ئەزموونە لە ژیاندا، شارەزایی باشی هەیە لەپیشەكەی خۆیدا، ئەو سروشتی وایە كەلە بواری پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكانیدا حەز بەجیاوازی  چینایەتی ناكاو بەها مرۆییەكان  بەگەورەیی دەبینێت، هەڵسووكەوتی لەگەڵ  بەردەستەكانی،  لەگەڵ كچەكەی،  هەڵسووكەوتێكی شارستانیە، هەمیشە تێڕوانینی جوانی پێ‌ دەبەخشێت بەرامبەر بەخۆشەویستی راستەقینەو بیركردنەوە لە ژیان و ئایندەی خۆی، تەنانەت ئەو واقیع بینیەی هەیەتی  وای لێ‌ دەكات زۆر جاران كچە خۆشەویستەكەی  بەدڵ رەق ناوی بەرێت، چونكە تێڕوانینی بۆ هۆكارو لێكتر جیا بوونەوەی  لەگەڵ  ژنەكەی، دوای تەمەنێكی دوورو درێژی ژیان لەگەڵ یەكترو منداڵ هێنانەوە جیاوازە لەگەڵ تێڕوانینە سۆزداریەكەی كچەكەی كە بەهزرێكی هەرزەكارانەو سەرپێییانە تێی دەڕوانێ‌، هەتا لەپرسی بازرگانیشدا هەوڵی ئەوە دەدات نەرمی بنوێنێ‌ لەگەڵ كۆمپانیا هاوبەشەكانی تر، بۆ ئەوەی  تەماعكارانە كار نەكاو هەندێ‌ جار سازش لەسەر قازانجی زۆر دەكات، لە بری زامن كردنی بەرژوەندییە گەورەكانی 
ئەوەی لەكەسایەتی زوبێردا  پێشبینی دەكرا ئەوەبوو كە مەرج نیە هەموو سەرمایەدارەكان كەسێكی نەگەتیف بن  لە كۆمەڵگادا، بەڵام ئەویش پەنای بۆ ناشەرعیەت و قاچاخچیەتی و مل شكاندنی ئەوانی تر برد و ئەو پێشبینیەی بینەر لە بارچوو بۆ رەسمی ئەو كەسایەتیە.
پاشان زوبیر گوایە كەسێكی خوێندەوار بوو، چۆن كەسێكی نەناسراوی وەك ( سەنگەری) ی ئەڤینداری كچەكەی بە هەزاران دۆلار لەدەستی مافیاكان رزگار كردو خۆشی خستە سەختترین مەترسی ، ئایا ئەوە چ لۆژیكیكە پیاوێك بەو تەمەنە ئەو هەموو قوربانی و سەركێشیە ئەنجام بدات  بۆ كەسێك نەی دیوەو نەی ناسیووە، بۆ خاتری راگرتنی دڵی كچەكەی كە چەند رۆژێكە پەیوەندی دڵداری لەگەڵ بەستووە؟
لاوازی زوبێر زێتر  لەوەندە دەردەكەوێت، كاتێ‌ بە بێ‌ هیچ پاساوێك  ئەوەندە لە  رێشارد دەترسی و نیوەی قازانجەكەی لە گەڵ  بەش دەكات بێ‌ ئەوەی بینەر بزانێت رێشارد كە پیاوێكی وەك ئەو بازرگانەو لە دەوڵەت هیچ ئیعتبارێكی جیاوازی نیە بۆ دەبێ‌ زوبێر ئەوەندە لاواز بێت بەرامبەری ؟ تە نانەت كاتێ‌  رێشارد قۆڵ لە قۆڵی دارەوانی  هاوبەشی دەكاو هەڕەشی لێ‌ دەكا، زوبێر هیچ هەڵوێستێكی نابێ‌ و دەڵێ‌ چی بكەم هاوڕێ‌ ی مناڵیمە، ئەم چەند هەڵوێستە زوبێر لاواز دەكات و بینەر بڕوا بەكەسایەتی موزیییەفی ئەو نەهێنێ‌ .
دواتر ئەو نهێنیانەی  زوبێر دەیشارێتەوە  لەو دیمەنانەی ناو ئۆتۆمبیل لەگەڵ  پیاوە بەكرێ‌ گیراوەكان و ئەو پیلانانەی دایدەڕێژێ‌، دیسان زوبێر لەپێستی ئەو پیاوە رۆشنبیرو دنیا دیدەیە دەردێنن كە لای بینەر پێیەوە ناسروە، كەواتە دەبوا زوبێر یەكێك بوایە لەوان، یان خوێندەوارو مرۆڤ، یا بازرگانێكی تەڵەكەبازو قاچاغ چی. 
رزگار باهیر  لەرووی نواندنەوە، ئەكتەرێكی خاوەن ئەزموونە و ئەدایەكی جوان نیشان دەدات بۆ بەرجەستە كردنی رۆڵەكەی، هەڵسووكەوتی لەگەڵ كامێرادا هەڵسووكەوتێكی سروشتییەو هەست بەهیچ گرژی و زێدە رۆییەك ناكرێت، ئەمە وای كردووە ستاتیكایێكی جیاواز بە فۆرمی نواندن ببەخشێت 
بینەر سۆزی زیاتری هەبوو بۆ مانەوە  لەگەڵ ئەو ئەكتەرە، ئەمە نهێنی سەركەوتنی ئەوە  لە رۆڵەكەی دا ،  دەرفەتی زۆر هەبوو بۆ قوڵ بوونەوە بە ناو كاراكتەرەكەی، بە تایبەت بۆ دروست كردنی چەند دیمەنێكی باگ راوند   بۆ رابووردووی زوبێر لەگەڵ ژنەكەی، چونكە بینەر هەست بە بۆشاییەك دەكات لە ون بوونی ئەو رابووردووە  بەوێنەو روداو، ئەو باگ راوندە ئەگەر بایەخی پێ‌ درابوایە، بینەر زێتر ئاشنا بە زوبێر دەبوو، زێتریش چێژی لە نواندنەكەی وەردەگرت
                                  ماویەتی..

ن/ حه‌یده‌ر عه‌بدولرحمان

كوردستان TV

شانۆ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.