Erbil 38°C ھەینی 27 شوبات 07:17

پارێزگاری هەولێر: هێشتا لە قۆناغی مەترسیی کۆرۆنا دەرنەچووین

کارگەیەکی بەرهەمهێنانی دەرمان لە هەولێر كرايةوه
کوردستان TV
100%

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 2020.4.27 پارێزگاری هەولێر لە کاتی کردنەوەی کارگەیەکی بەرهەمهێنانی دەرمان لە هەولێر، جەختی لەسەر گرنگیی پابەندبوونی هاووڵاتیان بە پابەندییە تەندروستییەکان کرد و گوتی هێشتا لە قۆناغی مەترسیی پەتای کۆرۆنا دەرنەچووین.

فرسەت سۆفی، لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئاماژەی بەوە کرد: "کردنەوەی ئەم کارگەیە لە هەرێمی کوردستان، نیشانەی ئەوەیە کوردستان لە بواری تەندروستی و بەتایبەت دەرماندا پەرەسەندنی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و ئێمەش هەرچی لە تواناماندا بۆ پشتیوانیکردن و پێشخستنی کەرتی پیشەسازی و بەتایبەتی لە بواری دەرماندا درێغی ناکەین".

 لەبارەی گرنگیی ئەو کارەگەیەوە گوتی: "ئەم هەنگاوەی ئاڤا میدیکا کە ناویەتی کە هاوکات دەرمان هەناردەی دەرەوەی هەرێمی کوردستانیش دەکات، یەکێک لەو هەنگاوە گرنگانەیە کە جێگەی دەستخۆشییە و هیوادارین کارگەکانی دیکەش پەرە بستێنن و هەرێمی کوردستان بەرەو بووژانەوە لە بواری پیشەسازیدا بەرەوپێشەوە بچێت".

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد: "لێرەدا بە دەرفەتی دەزانم داوا لە هاووڵاتیانی سنووری پارێزگای هەولێر بکەم کە هەنگاوەکانی خۆپارێزی بەوپەڕی حەزەرەوە بنێن و پابەندی ئەو ڕێنماییە تەندروستیانە بن کە هەن، چونکە ئێمە ئێستا پێمان ناوەتە قۆناغی خۆپارێزی و تاکپارێزییەوە، چونکە زۆربەی شوێن و دووکان و بازاڕەکان کراونەتەوە".

فرسەت سۆفی ڕاشی گەیاند: "ئەگەر خەڵک خۆی خۆی نەپارێزێت، لەوانەیە ئێمە بگەینە قۆناغی زۆر زۆر سەخت و ئەوکات لە دۆخەکە لە دەستی هەموو لایەکمان دەربچێت، بۆیە هیوادارم خەڵکی سنووری پارێزگای هەولێر بەوپەڕی وەریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن، چونکە ئێمە هیچکاتێ لە قۆناغی مەترسیدار دەرنەچووین و ئەم پەتایە ئێستاش زۆر مەترسیدارە و دەبێ هەموومان بەرەنگاری ببینینەوە و ئەگەر بزانین دۆخەکە خراپە و مەترسییەکە گەورە دەبێتەوە ناچارین بگەڕێینەوە بۆ دواوە و پێداچوونەوە بە ڕێکارەکاندا بکەینەوە."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.