Erbil 38°C پێنجشەممە 26 شوبات 17:04

ئەمڕۆ جه‌ژنی کرێکارانی جیهانە

زیاتر لە ٨٠ وڵاتی جیهانیش بۆتە پشووی فەرمی
کوردستان TV
100%

 ساڵانە لە سەرتاسەری وڵاتانی دنیا لە ڕۆژی یەكی ئایار، ڕێوڕەسم و چالاكی ئەنجام دەدرێ و لە وڵاتان ئەو ڕۆژە بە جەژنی كرێكارانی دنیا چەسپێنراوە.

ڕۆژی جیھانیی کرێکاران، یان ڕۆژی 1ی ئایار (بە ئینگلیزی:International Workers' Day) بە ڕۆژی جیهانیی جەژنی کرێکاران ناسراوە و دەکەوێتە ١ی ئایاری ھەموو ساڵێک ئەو ڕۆژە لە نزیکەی ھەشتا وڵاتی جیھان پشووی فەرمییە، لەم ڕۆژەدا کرێکاران و بزووتنەوە کرێکارییەکان لەوانە سۆسیالیزم و کۆمۆنیستەکان و پارت و لایەنە چەپەکان بە ڕێپێوان و چالاکی و یادی ڕۆژەکە دەکەنەوە.

لە ساڵی ١٨٥٦ دا کرێکارانی ئۆسترالیا لە پێناو چەسپاندنی ٨ سەعات کار لە ڕۆژێکدا کۆبوونەوە. ئەم ڕۆژەی ئەو مەراسیمەیان تێیدا بەرپا کرد ٢١ ی نیسان بوو. لە سەرەتادا کرێکارانی ئوسترالیا بە تەنھا ساڵی ١٨٥٦ یان لەبەرچاو گرتبوو، بەڵام مەراسیمی یەکەمین ساڵ کاریگەری گرنگی دانا لە سەر جەماوەری پرۆلیتاریای ئوسترالیا، ھەر بۆیەش وا بڕیار درا ھەموو ساڵێک بکرێتەوە.

 لە یەكی ئایاری ١٨٨٦دا كرێكارانی شیكاگۆ سەرجەمیان وازیان لە كار هێنا و ڕژانە سەر شەقامەكان كە ژمارەیان لە نێوان ٣٥٠ تا ٤٥٠ هەزار كرێكار دەبوو، سوور بوون لەسەر داواكانیان و دروشمی " هەشت سەعات كار، هەشت سەعات پشوودان، هەشت سەعات خەوتن"یان دووپات دەكردەوە، سووربوون و بەردەوامی لە ناڕەزایەتییەكان ڕۆژ دوای ڕۆژ خەڵكی زیاتری كۆ دەكردنەوە و لە شارەكانی تریش ناڕەزایەتییەكان دەستیان پێ دەكرد، بەجۆرێك بووە وازهێنانی كرێكاران لە كاركردن، بووە هۆی كاریگەری دانان لەسەر سەرجەم كەرتە ئابوورییەكان، سەرەنجام پارێزگاری شاری شیكاگۆ لەگەڵ كرێكاران كۆ بووەوە و داواكانی لێ وەرگرتن و بەڵێنی دا كە بەدەم داواكارییەكانیانەوە بچێت، بەڵام دواتر گردبوونەوەی كرێكارانی جێ هێشت و پۆلیس دەستیان بە جموجۆڵ كرد تا هێز بەكار بهێنن بۆ بڵاوە پێكردنی كرێكارانی خۆپێشاندەر، پۆلیس ڕووبەڕووی خۆپێشاندەران بوونەوە و دواتر لە شیكاگۆ بۆمبێك لە نێو كۆمەڵێك پۆلیس تەقییەوە و بەو هۆیەوە ژمارەیەك پۆلیس كوژران.

 دواجار کۆنگرەی دامەزراندنی "ڕۆژنامەی نێونەتەوەیی" سۆسیال دێمۆکرات لە ساڵی ١٨٨٩دا بڕیاری دا ١ی ئایاری بکرێتە "ڕۆژی خەباتی کرێکارن" ساڵانەی بزووتنەوەی کرێکاری و لەو کاتەوە ئەم ڕۆژە بە کۆبوونەوەی جەماوەری و مانگرتن دەستی پێ کردووە.

 بەڵام ھەروەھا ھەر لە دەستپێکەوە لەناو بزووتنەوەکەدا ڕەخنەش لە١ی ئایار ھەبوو لە فەرەنسە لە ساڵی ١٨٩٢دا ھەژمارێکی زۆر لە ئەنارکیستەکان ڕەخنەیان لەو کەمپەینە گرت، لەوانە سیباستیان فۆرێ، وتی "چیتر ئەمە ڕۆژێکی شۆڕشگێڕانە نییە، بەڵکوو سەکۆیەکی دەستەمۆ کراوە بۆ ھەڵبژاردنی دەسەڵاتخوازان، تا لەڕێگەی دەنگی کرێکارانەوە بۆ پەرلەمان ھەڵببژێردرێن".

 ساڵی ١٨٩٣ لە کۆنگرەی یەکێتییە کرێکارییەکاندا لە فەرەنسا لە شاری مارسێلیا جارێکی دیکە ئاراستەی خەباتکارانی ١ی ئایار وەک ڕۆژی مانگرتنی گشتی پێداگری لەسەر کرایەوە، شتێک کە زیاتر دابڕانی لە پارتی سۆسیال دێمۆکرات واوەتر بەرەوپیش برد. دواتر ساڵی ١٨٩٦ کاتێک کە ئەندامانی ئەنارکیست لە نێونەتەوەیی دووەمدا لە لەندەن لەبەر ڕەتکردنەوەی پارلەمانتاریزم دەرکران، ئەو لێکدابرانە فراوانتر بوو.

لە بەشە جیاجیاکانی کوردستانیش بەهۆی ژێردەستەیی و هەڵاواردنی سیاسی، چینایەتی و کۆمەڵایەتی، چەندین پارت و حزبی کرێکاری سەریان هەڵداوە و بۆ ئازادیی کرێکاران و مافەکانیان خەبات دەکەن.

 هەرچەندە ئه‌م یاده‌ تا ئێستا لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دانی پێدا نەنراوە، بەڵام لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان یاد دەكرێتەوە و لە زیاتر لە ٨٠ وڵاتی جیهانیش بۆتە پشووی فەرمی و وەك جەژنێك سەیر دەكرێت.

شێوازی ژیان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.