بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی هەولێر، دلۆڤان محەمەدفاتیح جەلال رایگەیاند، دوو نەخۆشی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بەتەواوی چاکبوونەوە و باری تەندروستیان تەواو جێگیر بووەتەوە و رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی هەولێر، دلۆڤان محەمەدفاتیح جەلال رایگەیاند، دوو نەخۆشی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بەتەواوی چاکبوونەوە و باری تەندروستیان تەواو جێگیر بووەتەوە و رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە.
دلۆڤان محەمەدفاتیح جەلال لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە کە دوای ئەنجامدانی پشکنینی تایبەتی یەک لەدوای یەک بۆ هەردوو تووشبووەکە و دەرچوونی ئەنجامەکانی بە نێگەتیڤ، بڕیاردرا بنێردرێنەوە ماڵەوە.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی هەولێر لە راگەیەنراوەکەیدا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، راشیگەیاندووە، کۆی گشتی ئەو نەخۆشانەی دوای تووشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە پارێزگای هەولێر چاکبوونەتەوە گەیشتە ۱٦۹ کەس.
بە چاکبوونەوەی ئەم دوو نەخۆشە، کۆی ئەو تووشبووانەی کۆرۆنا کە لە هەرێمی کوردستان دوای چارەسەرکردنیان چاکبوونەتەوە گەیشتە ٣٣٢ کەس.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا، ٣٨٧ حاڵەتە، لەو ژمارەیەش ٢٠٨ حاڵەت لە پارێزگای ھەولێر، ١٣٨ لە پارێزگای سلێمانی، ١٩ لە پارێزگای دھۆک و ٢٢ حاڵەتیش لە پارێزگای ھەڵەبجە تۆمارکراون و پێنج حاڵەتی گیانلەدەستدانیش تۆمارکراوە کە چواریان لە پارێزگای سلێمانی و حاڵەتێک لە پارێزگای هەولێر بووە.
ھەروەھا ٣٣٢ نەخۆش چاکبووەتەوە کە ١٦٩ لە پارێزگای ھەولێر، ١٢٦ لە پارێزگای سلێمانی، ١٥ لە پارێزگای دھۆک و ٢٢ لە پارێزگای ھەڵەبجە بووە، و لە ئێستادا تەنها ٥٠ نەخۆش لەژێر چاودێری پزیشکییدان کە ٣٨ لە پارێزگای ھەولێر، هەشت لە پارێزگای سلێمانی و چوار نەخۆشیش لە پارێزگای دهۆکە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێگرییكردن لە بڵابوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا، زنجیرەیەک رێکاری گرتووەتەبەر لەوانە قەدەغەکردنی هاتوچۆ، راگهیاندنی پشوو لە ناوەندەکانی خوێندن، داخستنی مزگەوت و شوێنە گشتییەکانی وەک پارک، مۆڵ، قاوەخانە، سینەماكان و چەند شوێنێکی دیکە، هەروەها وەستاندنی گەشتە ئاسمانییەکان و داخستنی دەروازە سنوورییەکان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.