Erbil 38°C سێشەممە 15 تشرینی یەکەم 21:23

وەزیری پێشمەرگە ژووری ئۆپەراسێونەکانی رۆژهەڵاتی کەرکوک بەسەردەکاتەوە

جموجۆڵەکانی تیرۆریستانی داعش لەناوچەکە تاوتوێکرا
کوردستان TV
100%

وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى هه‌رێمی كوردستان بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌  شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەردانێکی مەیدانیدا بارەگای ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژهەڵاتی کەرکوکی بەسەرکردەوە و لەنزیکەوە لەگەڵ لێپرسراوی میحوەری کەرکوک و ئەفسەرانی پلە باڵاو فەرماندەی لیواکانی سنوورەکە کۆبۆوە.

راشیده‌گه‌یه‌نن ، لەو کۆبوونەوەیەدا، جموجۆڵەکانی تیرۆریستانی داعش لەناوچەکەو میکانیزمی رووبەڕووبونەوەیان و پاراستنی سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگه لەسنوورەکە تاوتوێکرا.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند: لەو سەردان و بەسەرکردنەوەماندا، هاتووین گوێ لەداوا و داواکارییەکانتان بگرین و کەم و کوڕی و پێداویستیەکانتان پڕبکەینەوە، وتیشی: دۆخی ئێستای ناوچەکە وا دەخوازێت بەردەوام سازو ئامادەبن لەپاراستنی سەنگەرەکان و راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش.

وەزیری پێشمەرگە بەئامادەبووانی کۆبوونەوەکەی راگەیاند: داواو داوکارییەکانی پێشمەرگە رەوایە و شایستەی زیاترن، ئێمە لە بارو گوزەرانی پێشمەرگە تێدەگەین، بەڵام هۆکار گەلی دابەزینی نرخی نەوت و خراپی دۆخی ئابووری هەرێم دوای لێکەوتەکانی پەتای کۆڕۆنا، هێندەی تر دۆخەکەی ئاڵۆز کرد، وەک وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێم، بەئەرکی خۆمان دەزانین لەدابینکردنی مافەکان و تەواوی هەوڵەکانمان چڕکردۆتەوە بۆ دابەشکردنی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگه لەزووترین کاتدا.

لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، لێپرسراوی میحوەری کەرکوک، پوختەیەکی لەسەر ئەرک و فەرمانی هێزەکانی پێشمەرگەی لەسنوورەکه شیکردەوە، ئاماژەشی بە پێویستیە هەنووکەیەکان ی لیواکانی ئەو میحوەرە کرد، کە رۆڵی بەرچاویان هەیە لەراوەدوونانی تیرۆریستان لەو سنوورە.

دواتر فەرماندەکانی لیوا جیاجیاکانی ئەو میحوەرە، باسیان لەکارو چالاکییەکانی لیواکەیان کرد، هەروەک داوا و داواکارییەکانیان گەیاند بەوەزیری پێشمەرگە.

لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری پێشمەرگە دەستخۆشی لەفەرماندەی لیواکان و لێپرسراوی میحوەری کەرکوک کردو فەرمانیشی کرد، پابەندی دیسپلینە سەربازیەکان بن و پشتگیری و پاڵپشتی وەزارەتی پێشمەرگەشی لە چارەسەرکردنی کەم وکوڕییەکان و جێبەجێکردنی داوا و داواکارییەکانیان دووپاتکردەوە.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.